شارپرێس:
لێدوانه‌كانی مایك هاكابی باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ئیسرائیل، كاردانه‌وه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی به‌رفراوانی لێكه‌وته‌وه‌و بوه هۆی سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانێكی دیپلۆماسی به‌هۆی پشتگیرییه‌كه‌ی بۆ كۆنترۆڵكردنی ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌لایه‌ن ته‌لئه‌بیبه‌وه، له‌به‌رامبه‌ریشدا كاردانه‌وه‌ى پێنج ده‌وڵه‌تى لێكه‌وته‌وه.
لێدوانه‌كانی مایك هاكابی له‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌نوسى دیارى ئه‌مریكى تاكه‌ر كارلسۆن، ڕایگه‌یاند، "باشده‌بێت ئه‌گه‌ر ئیسرائیل هه‌موو ئه‌و ناوچه‌یه كۆنترۆڵبكات كه له‌نیل تا فورات درێژده‌بێته‌وه"، دواى بڵاوبونه‌وه‌ى چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ش، وه‌ك پێشێلكردنێكی ئاشكرای یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان‌و سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه لێكدانه‌وه‌ى بۆكرا.
هاكابی وه‌كو خۆى وتى، "به‌پشتبه‌ستن به‌لێكدانه‌وه ئاینییه‌كان بۆ سه‌فه‌ری ته‌كوین وه‌ك به‌ڵگه‌نامه‌ی ئه‌سڵی خاكه‌كه، هه‌موو ئه‌م ناوچه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاسته به‌خشیشێكى خوداییه بۆ گه‌لی ئیسرائیل".
كاتێكیش كارلسۆن-ی ڕۆژنامه‌نوس وتى، "به‌ڕێز هاكابى ئه‌وه‌ى تۆ باسى ده‌كه‌ى به‌گوێره‌ى جوگرافیای نوێ، ته‌واوی لوبنان، سوریا، ئه‌رده‌ن‌و به‌شێكی گه‌وره له‌عێراق‌و عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ش ده‌گرێته‌وه مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه تۆش، هاكابی وه‌ڵامیدایه‌وه‌و وتى، ئاساییه ئه‌گه‌ر ئیسرائیل هه‌موو ئه‌و وڵاتانه وه‌ربگرێت‌و بیخاته ژێر كۆنترۆڵى خۆیه‌وه".
هه‌ر دواى بڵاوبونه‌وه‌ى به‌شێكى ئه‌و دیداره، كاردانه‌وه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان تادێت به‌ره‌و زیادبون ده‌چێت‌و ڕاسته‌وخۆ بونه هۆی دروستبونی شڵه‌ژانێكی دیپلۆماسی، له‌و ڕوه‌شه‌وه هه‌ریه‌كه له(سعودیه، ئه‌رده‌ن، میسر‌و عێراق) به‌توندی ئیدانه‌ی لێدوانه‌كانیان كرد‌و به‌توندڕه‌وانه‌و نالۆژیكی‌و پێشێلكردنی ئاشكرای یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان‌و بنه‌ما دیپلۆماسییه‌كان وه‌سفیانكرد.
لاى خۆیشیانه‌وه، هه‌ردوو كۆمكاری وڵاتانى عه‌ره‌بی‌و ڕێكخراوی هاریکاری ئیسلامی، لێدوانه‌كانیان شه‌رمه‌زاركردو ته‌ئكیدیانكرده‌وه، "ئه‌وجۆره هه‌ڵوێستانه ئاشتیی‌و ئاسایشی ناوچه‌كه ده‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه".
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڵه‌ستین-یش په‌یامێكى له‌وباره‌یه‌وه بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت، "ئه‌و لێدوانانه بانگه‌وازێكی ڕاسته‌وخۆن بۆ پێشێلكردنی سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌تان‌و پشتگیریی له‌به‌رده‌وامبونی جه‌نگی كۆمه‌ڵكوژیی‌و ئاواره‌كردن ده‌كه‌ن".
سه‌ربارى ئه‌وه‌ی هاكابی دواتر لێدوانه‌كانی به"زیاده‌ڕۆیی له‌قسه‌كردن وه‌سفكردو ڕونیشیكرده‌وه، ئیسرائیل به‌دوای فراوانبونی خاكه‌كه‌یدا نییه، به‌ڵام وه‌زاره‌ته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی داوای ڕونكردنه‌وه‌ی فه‌رمییان له‌وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كردوه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا ئه‌و لێدوانانه هه‌ڵوێستی فه‌رمیی ئیداره‌ی واشنتۆنن یان نا.
لێدوانه‌كانی هاكابی گرژییه‌كانی ناوچه‌كه‌ی زیاتركردو بوه هۆی دروستبونی پرسیاری جدی سه‌باره‌ت به‌ڕۆڵی ئه‌مریكاو پابه‌ندبونی به‌یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان‌و چاره‌سه‌ری دوو ده‌وڵه‌تییه‌وه.
