پارێزگاری كەركوك وه‌ڵامێكى توندى سوپاى عێراق ده‌داته‌وه‌

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 16321 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەگەڕەکی نەورۆز لەکەرکوک گرژیی لەنێوان پاسەوانانی ڕێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک‌و سوپای عێراق دروستبوو، پارێزگاری كەركوك دەڵێت، "ئەو ئەفسەرانەی چونەتەسەر ماڵە کوردەکانی گەڕەکه‌كه‌، چاویان لەخانوەکانە"، ده‌شڵێت، "هه‌موو ئه‌و خێزانانه‌ى سوپا ده‌ریكردون، ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ماڵه‌كانى خۆیان".


ڕێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر ئەو ماڵە کوردانەی گەڕەکی نەورۆز کراوە لەلایەن چەند ئەفسەرێکەوە کراوە کە چاویان لەخانوەکانە، وەزارەتی بەرگریی عێراق ئەم خانوانە بەموڵكی خۆیان دەزانن، هەروەها وەزارەتی دارایش بەموڵكی وەزارەتەكەی دەزانێت، بەڵام لەکۆتایدا ئەم خانوانە خانوی دەوڵەتن‌و تاپۆیان هەیە، سەرجەم ئەو ماڵانەی سوپا دەریکردون دەگەڕێنەوە خانوەکانیان".

لەگەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکوک، کێشەی نیشتەجێبونی دانیشتوانی کورد جارێکی دیکە گرژیی لێکەوتەوە؛ بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە سوپای عێراق بەبیانوی زێدەڕۆیی‌و موڵکایەتیی وەزارەتی بەرگریی بەزەبری هێز ماڵێکی کوردی دەرکرد، پاشانیش گەمارۆی ماڵێکی دیکەی لەهەمان گەڕەکداو دەیانویست ئەو ماڵەش دەربکەن.

لەکاتی چونی ڕێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک بۆ گەڕەکی نەورۆز بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، گرژیی‌و ئاڵۆزی لەنێوان پاسەوانانی پارێزگارو سوپای عێراق دروستبوو، دواتر ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک ڕایگەیاند، "سەرجەم ئەو خێزانانەی سوپای عێراق دەریکردون، دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان".

ڕوداوەکە بەو شێوەیە، دوساڵ لەمەوبەر هێزەکانی سوپای عێراق چونەسەر ئەو گەڕەکە بەنیازی ئەوەی دەستبەسەر هەموو خانوەکاندا بگرن، بەبیانوی ئەوەی وەزارەتی بەرگریی خاوەنی زەویی‌و خانوەکانی گەڕەکەکەیەو دەبێت کورد چۆڵی بکات.
 
چواردەوری ئەو گەڕەکە کوردییە، کە ناوی گەڕەکی واستی-یە، ماڵی عەرەب‌و نەتەوەکانی دیکەن‌و سوپای عێراق بەلای ئەواندا نەچون‌و تەنها چونەتە سەر ماڵی کوردەکان.

وه‌كو سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن، دوساڵە پێنج خانوی گەڕەکەکە لەلایەن سوپای عێراقەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، نزیکەی مانگێک لەمەوبەرو دوای ئەوەی سوپا بێهیوابوو لەوەی بتوانێت دەستبەسەر هەموو گەڕەکەکەدا بگرێت، ئەو پێنج خانوەشی جێهێشت‌و خاوەن ماڵەکان چونەوە نێو ماڵەکانیان، کەچی شەوی ڕابردوو ئاگادارکراونەتەوە کە چۆڵی بکەن، ئەگەرنا بەزەبری هێز دەریاندەکەن، ئەوەبوو بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزێکی سوپای عێراق هەڵیکوتایەسەریان‌و دەریانکردن.