ڕەخنەی توند لەڕاپۆرتی لیژنەی ئاشتی تورکیا دەگیرێت.."پرسی کوردی تێدا فەرامۆشکراوە"

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4172 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا چاوەڕوانیی دەکرا هەنگاوەکان بەرەو چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ پرسی کورد بنرێت، ڕاپۆرتی کۆتایی کۆمیتەی ئاشتیی لەتورکیا بوە مایەی نائومێدییەکی گەورەو ڕوبەڕوی ڕەخنەی توندی چالاکوانانی مافی مرۆڤ‌و چاودێرانی سیاسیی بوەوە.


لقی ئه‌ستنبوڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (İHD) لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی بەپەلەدا هۆشدارییاندا کە ئەم ڕاپۆرتە نەک هەر کێشەکان چارەسەرناکات، بەڵکو بەئەنقەست چاوی لەسەر بنەڕەتیترین مافەکانی گەلی کورد نوقاندوە، بەوتەی چالاکوانان، "زمان‌و ناسنامە" کە دوو کۆڵەکەی سەرەکین بۆ هەر پرۆسەیەکی ئاشتیی، لەنێوان دێڕەکانی ڕاپۆرتەکەدا بەتەواوی ونکراون".

بەشداربوانی کۆنگرەکە جەختیانکردەوە، تورکیا هێشتا بەعەقڵیەتێکی "ئەمنی‌و ناوەندگەرایانە" مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکە دەکات، کۆمەڵەی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، "هێشتا مافی خوێندن بەزمانی دایک قەدەغەیە، ئەمەش بەڵگەیەکی ڕونە کە دەوڵەت هێشتا دەستبەرداری سیاسەتی تواندنەوەو چەوساندنەوە نەبوە".

چالاکوانان داوایانکرد، ئەو ڕاپۆرتە بەخێرایی پێداچونەوەی بۆ بکرێت‌و لەپڕۆژەیەکی بێ ناوەڕۆکەوە بگۆڕدرێت بۆ نەخشەڕێگه‌یەکی ڕاستەقینە کە دان بەهەبونی نەتەوەیەک‌و مافە کلتورییەکانیدا بنێت، هۆشداریشدەدەن، هەر هەوڵێک بۆ ئاشتی بەبێ چارەسەرکردنی پرسی زمان، تەنها کات بەفیڕۆدانەو دوبارەکردنەوەی هەڵەکانی ڕابردوە.

ئەم ناڕەزایەتییانە لەکاتێکدایە کە شەقامی کوردی‌و ئازادیخوازان لەتورکیا چاوەڕێی گۆڕانکاریی دەستوریی بون بۆ گەرەنتیکردنی مافەکانیان، بەڵام ئەم ڕاپۆرتە جارێکی دیكه‌ ئەو ڕاستییەی سەلماندەوە کە هێشتا مەودایەکی گەورە لەنێوان "دیسکۆرسی ئاشتیی حکومەت"و "واقیعی مافەکاندا" هەیە.