بۆچی ئێران بەچڕی هێرشدەکاتە سەر وڵاتانی کەنداو؟

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 832 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتێکی شیکاریی کە لەپێگەی "ئەلحوڕە" بڵاوکراوەتەوە، ستراتیژیی وەڵامدانەوەی سوپای پاسدارانی ئێران دوای کوژرانی سەرکردەکانی، ئاڕاستەیەکی مەترسیداری وەرگرتوە کە تەنها ئیسرائیل ناگرێتەوە، بەڵکو وڵاتانی کەنداوی عەرەبیشی کردۆتە ئامانج.
 

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە هەرچەندە تاران هەوڵ دەدات وای نیشان بدات کە هێرشەکانی تەنها بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەو وڵاتانە دەپێکن، بەڵام داتا مەیدانییەکان پێچەوانەی ئەمە دەسەلمێنن، بەشێوەیەک هێرشەکان دامەزراوە مەدەنی، خزمەتگوزاری و گەشتیارییەکانی گرتووەتەوە؛ لەوانە بەئامانجگرتنی بەندەری دوقم لە عومان، کەوتنی پاشماوەی درۆنەکان لەسەر باڵەخانە نیشتەجێبوونەکانی ئەبوزەبی و دوبەی، و تێکچوونی گەشتە ئاسمانییەکان لە قەتەر و بەحرەین و کوێت.

ئەم ڕاپۆرتە ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران لە ڕێگەی ئەم هێرشانەوە دەیەوێت فشارێکی ئابوری و دەرونیی قورس بخاتە سەر وڵاتانی کەنداو، تا ئەوانیش لای خۆیانەوە گوشار بخەنە سەر واشنتۆن بۆ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان. 
جابر باقر، شرۆڤەکاری سیاسی کوێتی لە لێدوانێکدا بۆ "ئەلحوڕە" دەڵێت، ئەم هێرشە هەڕەمەکییانە نیشانەی شڵەژانی تارانە و ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی وڵاتانی ناوچەکە پێداچوونەوە بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیاندا بکەن لەگەڵ ئێران. 
هەروەها باسی لە پێگەی هەستیاری کوێت کردووە کە بەهۆی نزیکی لە عێراق و ئێران، کەوتۆتە ناو جەرگەی ململانێکانەوە، بەتایبەت لەگەڵ بڵاوبوونەوەی زانیاریی دەربارەی تێپەڕبوونی درۆنەکان لە خاکی عێراقەوە.
لە لایەکی ترەوە، نەبیل عەتوم، پسپۆڕی کاروباری ئێران، پێی وایە تاران دەیەوێت ململانێکان فراوان بکات و بیگەیەنێتە ئاستی ناوچەیی تا تێچووە سیاسی و ئابوورییەکانی بۆ هەموو لایەک بەرز بکاتەوە. 
دەشڵێت: ئەم ستراتیژییە ئامانجی دروستکردنی شۆکێکی ئابووری جیهانییە لە ڕێگەی شڵەژانی بازاڕەکانی وزە و گواستنەوەی دەریایی، وەک هەڕەشەکردن بۆ داخستنی گەرووی هورمز یان لێدانی بنکە ئابوورییە گرنگەکان، تا دواجار نرخی نەوت بەرز ببێتەوە و جیهان ناچار بێت دەستوەردان بکات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە بەو شێوەیەی تاران دەیەوێت.


بەپەلە