شارپرێس:
لەکاتێکدا جیهان چاوەڕێی هێوربونەوەی گرژییەکانە، بڵاوبونەوەی هەواڵی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی (الوعد الصادق4)و بهئامانجگرتنى بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەسێ وڵاتی کەنداو، تەزوی بەگیانی بازاڕەکانی وزەو میدیا جیهانییەکاندا هێنا؛ بەڵام شارهزایان دهپرسن ئاخۆ، ئەمە ڕاستییەکی مەیدانییە یان جەنگێکی دەرونیی نوێیە؟.
وردەکاریی ئەو هەواڵانەی بڵاوکراونەتەوە
بهگوێرهى ئەو دەنگۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، باس لەوەدەکرێت، بنکەی (عریفجان) لەکوهیت، (منهاد) لەئیماراتو هێزەکانی دەریایی ئەمریکا لەبەحرەین کراونەتە ئامانج، باس لەبەکارهێنانی 26 درۆنی خۆکوژو پێنج موشەکی بالیستی دەکرێت.
ڕاستییەکان چیمان پێ دەڵێن؟
بەدواداچونه مهیدانییه سهربازییهكان ئاشكرایانكردوه، ئەو زانیارییانە لەچەند ڕویەکی جیاوازەوە گومانی گەورەیان لەسەرە، بۆ نمونه تائێستا هیچ میدیایەکی فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران (وەک ئیرنا یان تەلەفزیۆنی دەوڵەت) ئەو هەواڵەیان پشتڕاست نەکردوەتەوە، ههروهها هیچ ڕاپۆرتێکی مەیدانیی یان وێنەی مانگه دهستكردهكانو ڤیدیۆیی لەلایەن هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانەوە بڵاونەکراوەتەوە کە ئاماژە بەتەقینەوە یان دوکەڵ بکەن لەو ناوچانە، ههروهها ئێران تائێستا تەنها ئۆپەراسیۆنی 1 و 2ی ئەنجامداوە، بازدان بۆ (الوعد الصادق 4) بەبێ بونی 3، ئاماژەیەکی ڕونە بۆ ناڕاستی هەواڵەکە.
ئامانج لەبڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵانە چییە؟
شارەزایانی سەربازیی پێیانوایە، بڵاوکردنەوەی ئەوجۆرە هەواڵە چەواشەکارانە لەمکاتەدا، ئامانجی سیاسییو دەرونی لەپشتە؛ لەوانە، دروستکردنی شڵەژان لەبازاڕەکانی وزەو بەرزکردنەوەی نرخی نەوت، تاقیکردنەوەی کاردانەوەی بەرگریی وڵاتانی ناوچەکە، شەڕی دەرونی بۆ کاریگەریى دروستكردن لهسەر ورەی هێزە نەیارەکان.
سەرەڕای ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، بەڵام هەواڵی هێرشکردنەسەر سێ دەوڵەتی عەرەبی لەیەککاتدا، گۆڕانکارییەکی گەورەیە کە پێویستی بەبەڵگەی سەلمێنەر هەیە، تا ئەم ساتە، ئەم هەواڵانە لەچوارچێوەی پڕوپاگەندەی میدیاییدا دەمێننەوەو هیچ بنەمایەکی ڕاستی نهسهلمێندراوه.
