سێنتكۆم زانیاری گرنگ لەبارەی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكە جەنگییەكان ئاشكرادەكات

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 677 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاشكرایكرد، سێ فڕۆکەی جەنگیی وڵاتەکەی لەجۆری F-15E لەئاسمانی کوێت بەهۆی لێدانی هەڵەوە کەوتونەتە خوارەوە.


بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی سێنتکۆم،" فڕۆکەکان لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (تووڕەیی دارستان ئاسا)  لەئەرکدا بون، بەڵام لەکاتی ڕوبەڕوبونەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئێران کە فڕۆکەی جەنگی، موشەکی بالیستی و درۆنی تێدا بەکارهاتوە، لەلایەن بەرگریی ئاسمانیی کوێتەوە بەهەڵە کرانە ئامانج و خرانە خوارەوە."

سێنتکۆم ئاماژەی بەوەکردووە کە هەر شەش ئەندامی تیمی فڕۆکەکان پێش کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکانیان، بەسەلامەتی بەپەڕەشووت خۆیان هەڵداوەتە خوارەوەو تەندروستییان جێگیرە.

لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە، "دەوڵەتی کوێت دانی بەڕوداوەکەدا ناوە و ئێمە سوپاسی هەوڵەکانی هێزەکانی بەرگریی کوێت دەکەین بۆ پشتیوانییان لەم ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەدا."

هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوێت، چەند فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکی کەوتونەتە خوارەوەو دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەکانیش دەستیان بە رێوشوێنەکانی گەڕان و رزگارکردنی فڕۆکەوانەکان کرد.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری کوێت باسی لەوە کرد، لایەنە پەیوەندیدارەکان لە لێکۆڵینەوە بەردەوامن بۆ زانینی هۆکارە راستەقینەکانی کەوتنەخوارەوەی ئەو فڕۆکانە. 
 

بەپەلە