شارپرێس:
گۆڤاری "فۆرین پۆلیسی" ئەمریکی، لەراپۆرتێکی شیکارییدا تیشکی ستۆتە سەر پاشەکشەی ستراتیژیی ئێران لە چوارچێوەی گرژییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و تێیدا دەڵێت؛ عەقیدەی "ڕووکردنە ڕۆژهەڵات" کە تاران لە دەیەی ڕابردوودا پەیڕەوی کردووە، ئێستا کەوتووەتە ژێر پرسیارێکی قورسەوە.
گۆڤارەکە دەڵێت: ئەم سیاسیەتەی تاران ئامانجی پاراستنی ئێران بوو لە گەمارۆ و هێرشەکان لە ڕێگەی هاوپەیمانیی لەگەڵ ڕووسیا و چین، بەڵام پێشهاتەکان دەریانخست کە درزێکی گەورە لە نێوان چاوەڕوانییەکانی تاران و پابەندییە کردارییەکانی مۆسکۆدا هەیە.
لەبەشێکی راپۆرتەکەدا هاتووە: لە بەهاری 2025، ئەندرێ ڕودینکۆ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنی ستراتیژییان لەگەڵ ئێران پەیماننامەی "بەرگری هاوبەش" نییە، ئەمە شۆکێکی گەورە بوو بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران، چونکە واتای ئەوەیە ئەگەر ئەمریکا هێرش بکات، ڕووسیا پابەند نییە بە هاوکاری سەربازی.
مۆسکۆ سەلماندی کە بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆی و پاراستنی پەیوەندیی لەگەڵ واشنتن و تەلئەبیب لە پێشینەترن لە ئاسایشی ئێران.
ئەوەش هاتووە: ئەم بێئومێدییە لە حوزەیرانی 2025 زیاتر بوو، کاتێک لە کاتی پێکدادانی سەربازیی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ڕووسیا تەنها بە لێدوانی زارەکی سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد و هیچ پاڵپشتییەکی مەیدانی پێشکەش نەکرد. باسی لەوەشکردووە کە لە ناوخۆی ئێراندا ڕەخنەکان زیادیان کردووە؛ تاران گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی کە ڕووسیا ئامادە نییە فڕۆکەی "Su-35" و سیستەمی "S-400"یان پێ بدات، لە کاتێکدا هەمان چەکی بە هیندستان داوە.
لەبەشێکی تری راپۆرتەکەی گۆڤارە ئەمریکییەکەدا هاتووە: چینیش هەمان ڕێچکەی گرتووە؛ تەنها لە ڕووی ئابووریی و لێدوانی سیاسییەوە لەگەڵ ئێرانە، بەڵام ئامادە نییە لە پێناو تاران بچێتە ناو ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا.
جەختیش لەوەکراوەتەوە کە مۆسکۆ و پەکین بە لۆژیکی "هاوپەیمانی" مامەڵە ناکەن، بەڵکو "دوورییەکی هەژمارکراو" دەپارێزن، دەشڵێت ئێستا ئێران لە بەردەم دووڕیانێکی مێژووییدایە و پێویستی بە دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی ستراتیژییەتەکەی هەیە، چونکە دەرکەوت کە ڕووسیا و چین وەک "پارێزەر" نین، بەڵکو تەنها وەک "شەریکێکی کاتی" دەردەکەون