شارپرێس:
بارەگای ناوەندی (خاتەمولئەنبیا)ى سەر بەهێزە چەکدارەکانی ئێران لەبەیاننامەیەکدا ده‌ڵێت، "هێزەکانمان كه‌شتیگه‌لى زه‌به‌لاحى (ئەبراهام لینکۆڵن)ی ئەمریکایان لەدوری 340 کیلۆمەتر لەسنورەکانی ئێرانه‌وه کردوەتە ئامانج"، ڕاشیدهگهیهنێت، "هێرشەکە لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدراوە".
سەرچاوە سەربازییەکانی ئێران ئاماژە بەوەدەکەن، دوای پێکانی ئامانجەکە، كه‌شتیگه‌له زهبهلاحهكهى ئەمریکاو کەشتییە جەنگییە یاوەرەکانی بەدورى هەزار کیلۆمەتر لەناوچەکە پاشەکشەیانکردوە، هاوكات یه‌كێك لهپێشکەوتوترینو سەرەکیترین فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی ئەمریکا لەجۆری (F-15E) لەلایەن یەکەکانی بەرگریی ئاسمانییەوە تێكشكێندراوه".
لەبەشێکی دیكه‌ى ڕاگەیەندراوەکەى بارەگای ناوەندی (خاتەمولئەنبیا)ى ئێران‌دا هاتوه، "زیاتر لەدوو هه‌زار درۆن‌و 600 موشەک ئاڕاستەی بنکەکانی ئەمریکا لەناوچەکەو ئامانجەکان لەناو خاکی ئیسرائیل کراون، ئەم ئۆپەراسیۆنەش وەک وەڵامدانەوەیەکه بۆ ئەو هێرشانەى کراونه‌ته‌سه‌ر خاکه‌كه‌مان".
لەو ڕوهشهوه لیوا عەلی عەبدوڵڵایی فەرماندەی بارەگای ناوەندی خاتەمولئەنبیا وتویهتى، "ئەم گورزانە بۆ قەرەبوکردنەوەی شکستەکانی دوژمن بوە، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەم بەردەوامدەبن لەوەشاندنی گورزی کەمەرشکێن بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل لەتهواوى ناوچەکەدا".
تائێستا له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ڕاگهیهنراوهى بارەگای ناوەندی خاتەمولئەنبیادا، ئهمریكاو به‌تایبه‌ت سێنتكۆم هیچ زانیارییه‌كى ئاشكرانه‌كردوه‌و ڕهتیشینهكردوهتهوه.
