درۆنێک بارەگایەکی حەشدی شەعبی لەنەینەوا كرده‌ ئامانج‌و گرژیی لەنێوان حەشدو پێشمەرگە دروستکرد

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4646 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئه‌مشه‌و بۆ دوەمجار لەماوەی سێ ڕۆژدا، بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) هێرشکرایەسەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لەباکوری موسڵ، به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى شارپرێس، ڕوداوەکە جگە لەزیانی گیانی‌و مادی، کێشەو گرژیی لەنێوان لایەنەکانی حەشدو پێشمەرگە لێکەوتەوە.


به‌گوێره‌ى زانیارییەکانی شارپرێس، هێرشەکە کراوەتەسەر لیوای 50ی حەشدی شەعبی لەگوندی بەتنایای قەزای تلکێف‌و بەهۆیەوە چەکدارێک برینداربوەو زیانێکی زۆری مادی بەر بارەگاکە کەوتوە، تائێستاش هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی ڕانەگەیاندوەو هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن.

وه‌كو زانراوه‌، دەستبەجێ دوای ڕوداوەکە، چەند لایەنێکی میدیایی‌و سیاسیی نزیک لەحەشد، هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانیان بەئەنجامدانی بۆردومانەکە تۆمەتبارکرد، ئەمەش مەترسیی تێکچونی دۆخی ئەمنیی ناوچەکەی لێکەوتەوە.

لەکاردانەوەی ئەو تۆمەتانەدا، وەزارەتی پێشمەرگە هاتەدەنگ‌و لەڕاگەیەندراوێکدا بەتوندی ڕەتیكرده‌وه‌،هێرشەکە پەیوەندیی بەئه‌وانەوە هەبێت.

وەزارەتى پێشمه‌رگه‌ جەختیکردوه‌ته‌وه‌، "هێزەکانمان تەنها ئەرکی پاراستنی ئاسایشی عێراق‌و هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکەن‌و بەشدارنین لەهیچ ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیەدا".

هاوکات پێشمەرگە هۆشداریدا کە ڕێکاری یاسایی دەگرێتەبەرو سکاڵا دژی ئەو کەناڵانە تۆماردەکات کە بۆ دروستکردنی ئاڵۆزیی، هەواڵی ناڕاست‌و چەواشەکارانە بڵاودەکەنەوە.