شارپرێس:
ڕێكخراوی CPTی ئه‌مریكی له‌نوێترین ڕاپۆرتیدا ڕایگه‌یاند كه ئێران و گروپه چه‌كدارییه هاوپه‌یوه‌نده‌كانی، (196) هێرش و بۆردومانیان بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستانی عێراق ئه‌نجامداوه، كە به‌هۆیه‌وه، (4) كه‌س شەهیدو (19) كه‌سی تریش برینداربون".
ڕێكخراوی CPTی ئه‌مریكی لەڕاپۆرتێكی وردا، ئاماژه به‌وه‌دراوه كه "له‌ساته‌وه‌ختی ده‌ستپێكردنی هێرشه‌كانی ئهمریكاو ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران، تیمی كوردستانی عێراقی CPT، چاودێری ئه‌و جه‌نگه كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر هاوڵاتییان و دانیشتوانی مه‌ده‌نی هه‌رێمی كوردستانی عێراق ده‌كات و ته‌واوی ئامار و داتای هێرشه‌كان و قوربانییان تۆمار ده‌كات".
له‌ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتوه كه "له 28ی شوباتی 2026ه‌وه، سوپای پاسدارانی ئێران و گروپه هاوپه‌یوه‌نده‌كانی له عێراق، سه‌رباری به ئامانج گرتنی كۆنسوڵخانه‌ی گشتی ئه‌مریكا له هه‌ولێر، بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا، كامپی په‌نابه‌رانی كوردانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و باره‌گای حزبه ئۆپۆزسیۆنه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات و فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و كێڵگه‌ی نه‌وتی و هۆتێل و ناوچه‌ی نیشته‌جێبوون و باره‌گای كۆنی UN و بورجی كۆمپانیای په‌یوه‌ندیكردن و باره‌گای فه‌رمانده‌یی سه‌ر به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیان به ئامانجگرتووه".
CPT ده‌ڵێت،"له‌ساته‌وه‌ختی ده‌ستپێكردنی جه‌نگه‌كه‌وه، سوپای پاسدارانی ئێران و گروپه هاوپهیوهندهكانییان له عێراق، (196) هێرش و بۆردوومانیان بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستانی عێراق ئه‌نجامداوه".
ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو كه "له‌و ژماره‌یه، (162) هێرشیان بۆ سه‌ر سنوری پارێزگای هه‌ولێر، (26) هێرشیان بۆ سه‌ر سنوری پارێزگای سلێمانی، (5) هێرش بۆ سه‌ر سنوری پارێزگای دهۆك و (3) هێرشیش بۆ سه‌ر سنوری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه بوون. به‌مه‌ش ڕێژه‌ی (82.65٪)ی هێرشه‌كان بۆ سه‌ر سنوری هه‌ولێر، (13.27٪) بۆ سه‌ر سنوری سلێمانی، (2.55٪) بۆ سه‌ر سنوری دهۆك و (1.53٪)ی هێرشه‌كان بۆ سه‌ر سنوری پارێزگای هه‌ڵه‌بجه بوون".
له راپۆتهكهدا روونكراوه‌ته‌وه كه "له‌و هێرشانه، (43) هێرشیان بۆ سه‌ر باره‌گای حزبه كوردییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بوون له هه‌رێمی كوردستان، (58) هێرشیان بۆ سه‌ر كۆنسوڵخانه‌ی گشتی ئه‌مریكا له هه‌ولێر و بنكه‌ی سه‌ربازی و باره‌گا په‌یوه‌ندیداره‌كان به حكومه‌تی ئه‌مریكا بوون. (95) هێرشی تریان بۆ سه‌ر هۆتێل، ناوچه‌كانی نیشته‌جێبوون، باره‌گای هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، كێڵگه‌ی نه‌وتی، كۆمپانیا و شوێنه ئاوه‌دانه مه‌ده‌نی نشینه‌كان بوون".
رێكخراوی CPT ئاشكرایكردووه كه له ساتی یه‌كه‌می ده‌ستپێكردنی ئه‌و جه‌نگه و هێرشه‌كانی ئێران و گروپه هاوپه‌یوه‌نده‌كانی بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستانی عێراق، (23) كه‌س بونه‌ته قوربانی كه (4) كه‌س گیانیان له ده‌ستداوه و (19) كه‌سی تریش برینداربوون. له‌و ژماره‌یه (١15) قوربانییان له سنوری پارێزگای هه‌ولێر بوون، (7) قوربانییان له سنوری پارێزگای سلێمانی و (1) قوربانیش له سنوری پارێزگای دهۆك بوون. (14) له قوربانییه‌كان ئه‌ندامی حزبه كوردییه ئۆپۆزسیۆنه‌كانی ئێرانن كه له هه‌رێمی كوردستانی عێراقن و له‌ناو باره‌گا و كامپهكانیان به ئامانجگیراون. (6) قوربانی تریان پاسه‌وان یاخود كارمه‌ندی هێزه ئه‌منییه‌كانی كوردستان بوون و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كان به شه‌ڕ و جه‌نگی نێوان ئه‌مریكا-ئیسرائیل له‌گه‌ڵ ئێرانه‌وه نه‌بووه. (3) قوربانی تریشتیان، مه‌ده‌نی بوون.
تیمی كوردستانی عێراقی CPT، سه‌ركۆنه‌ی ده‌ستپێشخه‌ری هێرشه‌كانی ئه‌مریكا و ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ده‌كات كه خه‌ریكه پڕیشكی شه‌ڕه‌كه به‌ر ته‌واوی ووڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كه‌وێت. له‌هه‌مانكاتدا، سه‌رباری سه‌ركۆنه‌كردن، تیمی سی پی تی نیگه‌رانی قوڵی خۆی به‌رامبه‌ر به هێرشه‌كانی ئێران و گروپه هاوپه‌یوه‌نده‌كانی بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستانی عێراق و به ئامانجگرتنی شوێنی مه‌ده‌نی نشین و شوێنی كار و ناوچه ئاوه‌دانه‌كان و دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌رده‌بڕێت.
ڕێكخراوی CPT مه‌ترسی خۆی له‌ئه‌گه‌ری به‌رده‌وامبوونی شه‌ڕه‌كه ده‌رده‌بڕێت و داوا له‌هه‌موو لایه‌نه‌كانی به‌شدار له‌و جه‌نگه ده‌كات كه له پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی مه‌ده‌نیدا ئه‌م جه‌نگه ڕابگیرێت.
CPT ڕاشیگه‌یاندوه كه به‌رده‌وام ده‌بێت له چاودێریكردنی كاریگه‌ری ئه‌و هێرشانه بۆسه‌ر هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی و به‌به‌ڵگه‌كردنی تاوانه‌كانی جه‌نگ له هه‌رێمی كوردستانی عێراق.
