به‌حره‌ین جەنگەكە گەرمتر دەكات.. پڕۆژەیاسایەك دژی ئێران دەداتە ئەنجومەنی ئاسایش

جیهان

17 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1786 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شانشینی بەحرەین ڕەشنوسی بڕیارنامەیەكی ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایش كرد كە رێگە دەدات وڵاتان هەموو ئامرازێك بۆ پاراستنی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لەگەروی هورمز بەكاربێنن.


بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی ڕۆیتەرز، لەو دەقە پێشنیاركراوەدا كە ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایشی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان كراوە، كردەوەكانی كۆماری ئیسلامی وەك هەڕەشەیەك بۆ ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی ناولێبراوە‌و رێگەی ب وڵاتان دەدات بەتەنیا یان لەڕێگەی ئیئتلافێكی دەریایی فرەنەتەوەیی خوازیارانە، هەموو ئامراز و رێگایەكی پێویست لە ناوخۆ و دەوروبەری گەروی هورمز، بۆ گەرەنتی هاتوچۆی دەریایی كەڵك وەرگرن.

ڕەشنوسی بڕیارنامەكە داوا لەئێران دەكات بەخێرایی سەرجەم هێرشەكانی بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكان رابگرێت و هەر چەشنە رێگرییەك بۆ هاتوچۆی ئازادانەی لەناو گەروی هورمز یان دەوروبەری لاببات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەكەی ڕۆیتەرز هەموو وڵاتانی عەرەبی كەنداو ئەمریكا پشتگیری رەشنوسی بڕیارنامەكە دەكەن بەڵام ئەستەمە چین و ڕوسیا رێگە بدەن لەئەنجومەنی ئاسایش پەسەند بكرێت.