شارپرێس ـ کەنداڵ جودی:
لەڕۆژی نەورۆزدا، لەئەنجامی ڕوداوەکەی
کۆبانێ، زیاتر لە 150 کورد لەعەفرین لەلایەن هێزەکانی شامەوە دەستگیرکراون، بەرپرسی
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-یش ڕایدهگهیهنێت، "ئامانجی عەرەبە نەتەوەپەرستەکان
ئەوەیە فیتنەیەک لەنێوان کوردو عەرەبدا دروستبکەن"، دهشڵێت، "هێزەکانی
سەر بەدیمهشقیش تائێستا بەشێوەیەکی یاسایی ڕەفتار ناکەنو وەک گروپی چەکدار دەجوڵێنەوە".
لەڕۆژی نەورۆزدا لەشاری کۆبانێ، گەنجێکی
کورد ئاڵای سوریاى هێنایە خوارێ، دوای ئەو ڕوداوە، نەتەوەپەرستە عەرەبەکان لە(عەزاز،
عەفرینو حەلەب) هێرشیانکردەسەر کوردان، سەرەڕای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شاری
کۆبانێو کۆمیتەی ئامادەکاریی نەورۆزو سیپان حەمۆ جێگری وەزیری بەرگری سوریا بۆ
ناوچەکانی ڕۆژهەڵات ڕایانگەیاند، ئەو ڕوداوە کارێکی تاکەکەسی بوە، بەڵام وەک دیاربوو
بەشێوەیەکی زانابون هێرشیانکردەسەر کورد، بەتایبەت لەعەفرینو ناوچەکانی دەوروبەری.
بهگوێرهى ئەو زانیارییانەی شارپرێس لەشاری
کۆبانێوە دەستیکەوتوە، لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو گەنجەی ئاڵای سوریای داگرتوە هێشتا لەلایەن
ئاسایشەوە بەردەوامەو دواتر ڕادەستی دادگا دەکرێت.
لهوبارهیهوه ئیبراهیم شێخۆ بەرپرسی
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین، سەبارەت بەهێرشەکان بۆسەر کورد لەعەفرینو ناوچەکانی
دەوروبەری، زانیاریی گرنگی بۆ شارپرێس ئاشکراکرد.
شێخۆ وتى، "لەڕۆژی نەورۆزداو لەکاتژمێرەکانی
ئێوارهدا، هێزە ئەمنییەکانی سەر بەحکومەتی شام زیاتر لە 150 هاوڵاتی کوردیان لەناوەندی
شاری عەفرینو دەوروبەری دەستگیرکردوە، سەرەڕای ئەوەی هەوڵ هەیە ئەم دەستگیرکراوانە
ئازادبکرێن، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێزەکانی سەر بەدیمهشق تائێستا بەشێوەیەکی یاسایی ڕەفتارناکەنو
وەک گروپی چەکدار دەجوڵێنەوە، تائێستا ئەو 150 کوردە ئازادنەکراون".
ئاماژەی بەوەشکرد، "عەرەبە نەتەوەپەرستەکان
هێرشیانکردوەو لەئەنجامدا هاوڵاتییەکی کورد کاتێک لەنەورۆزی عەفرینەوە بەرەو حەلەب
دەگەڕایەوە، بەهۆی ئەشکەنجەدانەوە جەڵتەی دڵ لێیداوەو گیانی لەدەستداوە، نەتەوەپەرستە
عەرەبەکان لەسەر ڕێگەی حەلەب-عەفرین ئۆتۆمبێلی کوردەکانیان تێکشکاندوەو ژنو منداڵیان
ترساندوەو سوکایەتییان پێکردون".
بهوتهى شێخۆ، "نەتەوەپەرستە عەرەبەکان
بهبهرچاوى هێزە ئەمنییەكانى سەر بەحکومەتی دیمهشق، سوکایەتییان بەئاڵای
کوردستان کردوە، دەبوو ئەوانەی هێرشیانکردەسەر کوردان دەستگیربکرانایەو لێکۆڵینەوەیان
لەگەڵدا بکرایە، بەڵام بەداخەوە تەنها چەند کەسێکیان دەستگیرکراونو هیچ لێکۆڵینەوەیەکیان
لەگەڵ نەکراوە".
بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین
ئاشکراشیکرد، "ئامانجی ئەوکەسانەی هێرشیانکردەسەر کورد، ئەوەبوە فیتنەیەک لەنێوان
گەلی کوردو عەرەبدا بنێنەوە، دیارە هێشتا هەندێک لایەن بەئەنقەست ئەمکارە دەکەن تا
شەڕی ناوخۆیی دروستبێت".
