پێشبڕکێی چەکداریی ژیریی دەستکرد لەجیهاندا

هەمەڕەنگ

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 170 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جیهان لە ئێستادا پێشبڕکێیەکی توندی چەکداریی بەخۆوە دەبینێت کە هاوشێوەی سەرەتای سەردەمی ئەتۆمییە لە ساڵانی 1940دا، بەڵام ئەمجارە ململانێکە لەسەر چەکی ناوەکیی نییە، بەڵکو لەسەر سیستمە سەربازییە خودکارەکان و ژیریی دەستکردە.

 
 وڵاتە زلهێزەکانی وەک چین، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕووسیا بە خێراییەکی بێوێنە کار بۆ پەرەپێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و سیستمی بەرگریی دەکەن کە دەتوانن بەبێ دەستێوەردانی مرۆڤ بڕیاری هێرشکردن و لەناوبردنی ئامانجەکان بدەن. ئەم دۆخە نوێیە ناونراوە بە "تێکشکاندنی ئۆتۆماتیکیی یەکتر"، کە تێیدا ئامێرە زیرەکەکان دەبنە بڕیاردەری سەرەکیی لە گۆڕەپانی جەنگدا.

چین لەم بوارەدا پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستهێناوە و لە نمایشە سەربازییەکانیدا کۆمەڵێک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی نیشانداوە کە دەتوانن بە شێوەی بەکۆمەڵ و هەماهەنگ هێرش بکەنە سەر ئامانجەکان.

 ئەم پێشکەوتنانە نیگەرانییەکی زۆری لە لایەن پێنتاگۆنەوە دروستکردووە، چونکە بەرپرسانی ئەمریکی هەست دەکەن لەم پێشبڕکێیەدا لە دواوەی چینن و بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە، ئەمریکا بودجەیەکی زەبەلاحی تەرخانکردووە کە زیاتر لە 13 ملیار دۆلارە بۆ پەرەپێدانی سیستمی خۆکار.

 کۆمپانیا تەکنەلۆژییە نوێیەکانی وەک "ئاندۆریل" خەریکی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی زیرەکن کە وەک ئامرازێکی ڕێگری بەکاردێن، بەو واتایەی کە هەبوونی ئەم چەکانە وا لە دوژمن دەکات سڵ بکاتەوە لە هێرشکردن.

جیاوازیی ئەم سەردەمە لەگەڵ جەنگی سارد ئەوەیە کە تەنها دەوڵەتەکان یاریزان نین، بەڵکو کۆمپانیا تایبەتەکان و کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان ڕۆڵێکی سەرەکیی دەگێڕن. هەروەها ئەم تەکنەلۆژیایە تەنها لای زلهێزەکان نییە، بەڵکو وڵاتانی وەک تورکیا، ئێران، ئیسرائیل، هیندستان و پاکستان بە خێرایی پەرەی پێ دەدەن.

بۆ نموونە، ڕووسیا جەنگی ئۆکرانیای کردۆتە تاقیگەیەک بۆ پەرەپێدانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی وەک "لانسێت".

لە ڕووی ئەخلاقی و یاساییەوە، جیهان لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدایە، بەوپێیەی تا ئێستا هیچ ڕێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەتیی گشتگیر نییە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم چەکانە.

 هەرچەندە لە ساڵی 2024دا ئەمریکا و چین گەیشتنە لێکتێگەیشتنێک بۆ ئەوەی مرۆڤ هەمیشە بڕیاردەری کۆتایی بێت لە بەکارهێنانی چەکی ناوەکییدا، بەڵام ئەمە بەس نییە و وڵاتانی وەک ڕووسیا هێشتا بەشێک نین لێی.

 ژیریی دەستکرد جەنگەکان خێراتر و ئاڵۆزتر دەکات، چونکە ئامێرەکان پێویستیان بە خەو و خواردن نییە و دەتوانن لە چرکەیەکدا بڕیاری چارەنووسساز بدەن، ئەمەش ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی هەڵە یان لەدەستدەرچوونی کۆنترۆڵ زیاتر دەکات.


بەپەلە