ئێران ڕەزامەندی نیشاندا دەستبەرداری تەواوی یۆرانیۆمی پیتێنراوی وڵاتەکەی بێت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 7268 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەئاماژەیەکی مێژوییدا کە دەکرێت هاوسەنگییەکانی ناوچەکە بگۆڕێت، ڕاپۆرتە دیپلۆماسییەکان باس لەوەدەکەن، تاران پێش دەستپێکردنی گفتوگۆکانی لەگەڵ واشنتۆن لەپاکستان، کۆمەڵێک نەرمی‌و سازشی گەورەی نیشانداوە.


ڕۆژنامەی ئیسرائیل هایۆم بڵاویکردەوە، ئێران بۆ یەکەمجار ڕەزامەندی نیشانداوە کە دەستبەرداری تەواوی یۆرانیۆمی پیتێنراوی وڵاتەکەی ببێت، ئەم هەنگاوەش کە وەک لێدانی دڵی پڕۆژە ئەتۆمییەکەی دەبینرێت، هێشتا لەنێوان بژاردەی ڕادەستکردن بەڕوسیا یان ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدا ماوەتەوە.

ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه‌، تاران ئامادەیی نیشانداوە پاڵپشتییە سەربازییەکانی بۆ گروپە چەکدارەکانی ناوچەکە (وەک حزبوڵڵا) کەمبکاتەوەو بیگۆڕێت بۆ هاوکاریی مرۆیی‌و ئاوەدانکردنەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە سوپای پاسداران هێشتا وەک هێڵی سور سەیری پڕۆژە موشەکییەکەی دەکات‌و ڕەتیدەکاتەوە گفتوگۆی لەسەربکات.

لەبەرامبەر وازهێنان لەوەرگرتنی باج‌و سەرانە لەگەروی هورمز، ئێران داوای هەڵگرتنی هاوتەریبی گەمارۆکانی ئەمریکا دەکات، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە تاران دەیەوێت گەروەکە وەک کارتێکی فشار بۆ کونکردنی دیواری گەمارۆ ئابورییەکان بەکاربهێنێت.

چاودێران باسیان له‌وه‌كردوه‌، ئەم گۆڕانکارییانە تەنها مانۆڕێکی سیاسی نین، بەڵکو لەئەنجامی داڕمانی ترسناکی ئابوریی‌و هەژاریی باڵکێش بەسەر وڵاتدا هاتونەتە کایەوە، تاران چاوی لە 20 ملیار دۆلارە پڵۆمبکراوەکەی لای ئەمریکایە، هەرچەندە هێشتا لەسەر شێوازی چاودێریکردنی ئەو پارەیە ناکۆکی قووڵ هەیە.

ئێران لەنێوان مانەوەی ڕژێم‌و پاراستنی شکۆمەندیی سەربازیدا، بژاردەی یەکەمی هەڵبژاردوە، ئەم سازشانە دەریدەخەن کە گوشارە ئابورییەکان گەیشتونەتە ناو جومگە هەستیارەکانی بڕیاردان لەتاران.

بەپەلە