تاران دەرگاکانی گفتوگۆ داده‌خات‌و ده‌ڵێت: هیچ خولێکی نوێی دانوستان لەئارادانییە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 10276 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا جیهان چاوی لەهێوربونەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران‌و ئەمریکایە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەتوندی ئاوی ساردی بەئومێدی دیپلۆماسیدا کردو ڕایگەیاند، "بۆ ئێستا هیچ پلانێک بۆ گەڕی دوەمی دانوستانەکان نییە"، ئەم پەیامە توندەی تاران هاوکاتە لەگەڵ هۆشدارییەکانی چین کە دەڵێت، "پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە گەیشتوەتە قۆناغێکی هەستیارو مەترسیدار".


ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمریکای تۆمەتبارکرد بەوەی لەپرۆسەی دیپلۆماسیدا ناجددییەو بەئەنجامدانی کردەوەی شەڕەنگێزانەو پێشێلکردنی ئاگربەست، متمانەی لەناوبردوە.

به‌قایى بەڕاشکاوی دەڵێت، "دەستبەرداربون لەیەدەگی ئەتۆمی، هەرگیز بژاردەی ئێمه‌ نەبوەو ناشبێت، دەستکەوتە ئەتۆمییەکان‌و توانای موشەکی‌و بەرگریی وڵاتەکەمان، هێڵی سوره‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دانوستانى له‌سه‌ر ناكه‌ین".

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ سەرچاوە باڵاکانی ئێران ئاماژە بەوەدەكەن، "گەمارۆی ئەمریکا بۆسەر گەروی هورمز، هەموو هەوڵێکی ئاشتی پەکخستوەو ڕێگرە لەهەر پێشکەوتنێک.

لاى خۆیشیه‌وه‌ مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، هەرچەندە داوای ڕێگەی عاقڵانی دەکات بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، بەڵام جەختیکردەوە، مامەڵەی ئەوان لەگەڵ واشنتۆن لەسەر بنەمای بێمتمانەیی ڕەهاو وریایییەکی توندە.

ئەم لێدوانانە ئاماژەن بۆ ئەوەی، تاران چیتر گوێ بەدوا مۆڵەتەکان نادات‌و ئامادەنییە لەژێر گوشاردا سازش لەسەر بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی بکات، ئەمەش ناوچەکە دەخاتە بەردەم ئەگەرو پێشهاتی نادیارەوە.

بەپەلە