ژمارەیەک زانای بواری ئەتۆمیی‌و ئاسمانیی ئەمریکا دیارنه‌ماون‌و کۆشکى سپیش لێکۆڵینەوە دەکات

جیهان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 806 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کۆشکی سپی بەمدواییانە زنجیرەیەک ڕوداوی نیگەرانکەری ئاشکراکردوە کە پەیوەندییان بەونبون‌و مردنی نادیاری ژمارەیەک زاناو کارمەندی بەشی بەرنامە ئەتۆمیی‌و بۆشایی ئاسمانی هەستیار لەئەمریکا هەیە.


لەکاتێکدا میدیاکانی ئەمریکا باس لەبونی نەخشەیەکی دوبارەبوو نادیار لەپشت ئەم ڕوداوانە دەکەن، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دۆخەکە بە"مەترسیدار" وەسفدەکات‌و بەڵێنی ئاشکراکردنی ڕاستییەکان لەماوەی داهاتودا دەدات.

به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتێکی تۆڕی "فۆکس نیوز"، مردنی توێژەر ئێمی ئێسکرێدج بوەتە یازدەیەمین حاڵەتی ونبون‌و مردنی ئەوکەسانەی کە دەستیان بەنهێنییە هەستیارەکانی ئەمریکا گەیشتوە.

ئامارەکان دەریدەخەن لەتەمموزی 2023وە لانیکەم 10 زاناو بەرپرسی سەربازیی‌و ڕاوێژکاری حکومیی لەبارودۆخێکی ناڕوندا ونبون یان گیانیان لەدەستداوە، زۆربەی ئەوکەسانە لەبوارەکانی فیزیای ئەتۆمیی، تەکنەلۆژیای بۆشایی ئاسمان‌و پڕۆژە بەرگرییەکان کاریانکردوە.

لەنێو ئەو ناوانەی بونەتە جێگەی سەرنج، زانای ناسا "مۆنیکا خاسینتۆ ڕیزا" هەیە کە بەشێوازێکی گوماناوی گیانی لەدەستداوە، هەروەها دوو زانای فیزیایی بەناوەکانی "نۆنۆ لۆرێیرۆ"و "کارڵ گریلمایر" لەماڵەکانی خۆیاندا تەقەیان لێکراوە.

هەروەک هەندێک لەکارمەندانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانیش لەکاتی ڕۆیشتنیان لەماڵەوە بۆ دواجار بینراون، بێئەوەی هیچ کەلوپەلێکی تایبەتی خۆیان لەگەڵ ببەن.

لەبەرامبەر ئەم ڕوداوانەدا، دۆناڵد ترەمپ کۆبونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامداوەو ڕایگەیاندوە، بەوردی چاودێریی دۆخەکە دەکەن، چونکە هەندێک لەوکەسانە خاوەن پێگەی زۆر گرنگبون.

کارۆلین لیڤیت وتەبێژی کۆشکی سپی، جەختیکردوه‌تەوە، ئیدارەی ئەمریکا بەجددی مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیەیە دەکات‌و لێکۆڵینەوەکان بەوردیی بەردەوامدەبن.

سەرەڕای پەرەسەندنی گرنگیپێدان بەم دۆسیەیە، تائێستا دەسەڵاتداران بەفەرمیی بونی پەیوەندییەک لەنێوان ئەم ڕوداوانەدا پشتڕاستنەکردونەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ئاڤی لۆب زانای فیزیایی زانکۆی هارڤارد هۆشداریدا لەوەی، نابێت بەپەلە بڕیاربدرێت، چونکە لەوانەیە هەر ڕوداوێک بارودۆخی تایبەتی خۆی هەبێت‌و تائێستاش بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە نییە کە ئاماژە بەبونی نەخشەیەکی دیاریکراو بکات.

بەوپێیە، ئەم دۆسیەیە وەک یەکێک لەئاڵۆزترین نهێنییەکانی ئەمریکا دەمێنێتەوەو چاوەڕوانییەکان بۆ ئەنجامی لێکۆڵینەوە فەرمییەکان بەردەوامە.