شارپرێس:
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم لەڕاگەیەنراوێکدا
وەڵامی قسەکانی بافڵ تاڵەبانی دەداتەوەو دەڵێت،" لەمیدیاکانەوە سەرۆکی حزبێک
باسی ئەوەی کردوە کە هەرێمی کوردستان دوو ئیدارەییەو هەروەها لەپەیوەندی بە دەنگۆی
ناردنی چەکی ئەمەریکی کۆمەڵێک چەواشەکاری کردون ".
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئاماژەی بەوەکرد،" لای هەموان ڕونە حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتێکی دەستوری
دانپێدانراوی فیدراڵییەو بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەبات و ڕەنجی خەڵکی کوردستانە.
هەرچەندە هەوڵی بەردەوام هەبوون بۆ بەدوو
ئیدارەیی کردنی، بەڵام ڕێگا بەوە نادەین و ئەو هەوڵە سەرناگرێت ".
ئەوەشیخستەڕوو،" لە بارەی ئەو چەکانەی گوایە باس دەکرێت
لە لایەن ئەمریکاوە بە لایەنێکی کوردی دراوە سەرۆکی ئەو حزبە خۆی بێ بەری دەکات و
لایەنی دیکە تاوانبار دەکات و لەڕاگەیاندنەکانییانەوە خەریکی چەواشەکارین ".
پیشەوا هەورامانی وتیشی،" ئەگەر ئەمەریکییەکان چەکیان
بە لایەنێک دابێت خۆیان دەزانن بە چ لایەنێکیان داوە و درەنگ یان زوو ڕاستییەکەی بۆ هەموو لایەک ڕون دەبێتەوە و پێویست
بەو هەموو چەواشەکارییە نیە ".
وتەبێژی حکومەت جەختیشیکردەوە،" سەرۆکی ئەو حزبە
مافی ئەوەی نیە لە جیاتی دەزگا فەرمیەکان قسە بکات و قسەکانیشی ناڕاست بن و چاوەرێ بێت بەم شێوەیە گومان لە سەر خۆی و
دارو دەستەکەی لا ببات ".
