شارپرێس:
لەگەڵ تێپەڕبونی 18 مانگ بەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنو بەردەوامیی چەقبەستویی سیاسیی، پارتی دیموکراتی کوردستان پەردە لەسەر بژاردەیەکی نوێ لادەباتو هەڵبژاردنی پێشوەختە وەک تاکە دەرچە بۆ کۆتاییهێنان بەکێشەی پێکهێنانی حکومەت دەخاتەڕوو، ئهندامێكى كۆمیتهى ناوهندیى پارتى ڕاشكاوانه دهڵێت، "نەگەینە ڕێککەوتن هەڵبژاردنی پێشوەختە چارەسەرە".
ئەحمەد کانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتى كوردستان لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا كه میدیاى نزیك لهپارتىو یهكێتیى ئامادهیبون، ڕاشکاوانە باسی لەوەکرد، هەرێمی کوردستان لەبەردەم دۆخێکی هەستیاردایە.
ئهحمهد کانی ئاماژەی بەوەشدا، پارتی وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردن (بە 39 کورسی) هەموو دەستپێشخەرییەکی کردوە، بەڵام داواکارییە زۆرو بێسنورەکانی لایەنەکانی دیکە ڕێگربون لەوەی کابینەی نوێ ڕەنگی ژیان ببینێت.
ئەم لێدوانەی پارتی لەکاتێکدایە، شەقامی کوردی چاوەڕێی کۆتاییهاتنی ئەم چاوەڕوانییە درێژخایەنە دەکات، بۆ ئهوهش ئهحمهد کانی جەختیکردەوە، "ئەگەر نەگەینە هیچ ئەنجامێک بۆ پێکهێنانی حکومەت، ڕەنگە هەڵبژاردنی پێشوەختە تاکە چارەسەری ئەم چەقبەستوییە بێت".
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسەكهى پارتی تەنها سنوری هەرێمی بەسەرنەکردەوە، بەڵکو هێرشیکردەسەر دۆخی سیاسیی بەغداو وتی، "ئەوەی لەوێ دەگوزەرێت، نە دەستورییەو نە دامەزراوەیی، پارتی هەمیشە لەهەوڵی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکاندا بوە لەناو ئەو ئاڵۆزییانەدا".
بەتێپەڕبونی ساڵێکو شەش مانگ بەسەر هەڵبژاردنو پاشەکشەی هیوای لایەنەکان بۆ ڕێککەوتن، ئێستا پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە، ئایا لایەنەکانی دیکە بۆ کەمکردنەوەی داواکارییەکانیان دەگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، یان هەرێمی کوردستان بەرەو سندوقەکانی دەنگدانێکی پێشوەختە هەنگاو دەنێت؟.
