سوودەکانی تورکیا لە شەڕی ناوچەیی پەیوەست بە ئێران

توێژینەوە و شیکاریی

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 33 جار خوێندراوه‌ته‌وه

توێژینەوە - شارپرێس:

 
پێشەکی
شەڕی پەیوەست بە ئێران و داخستنی گەرووی هورمز، وەرچەرخانێکی جیۆپۆلەتیکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نیشان دەدەن. لە کاتێکدا تورکیا ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە، بەتایبەتی لە کەرتی وزە و ئابووریدا، بەڵام دەستەبژێرى سیاسی دەسەڵاتدار لە ئەنقەرە پێیان وایە ئەم قەیرانە بە ئەگەرێکی زۆر دەرفەتی ستراتیژی درێژخایەن دروست دەکات بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی تورکیا.
ئاڵنگارییەکانى تورکیا
سەرەڕای دەرفەتەکان، تورکیا ڕووبەڕووی چەند ئاڵنگارییەک دەبێتەوە:
بەرزی نرخی وزە: تورکیا زۆر پشت بە هاوردەکردنی وزە دەبەستێت، ئەمەش وایکردووە کە تووشی گرفتى وزە بێت.
فشارە ئابوورییە ناوخۆییەکان: ئەم ئاڵنگارییەنە لە کاتێکی هەستیار لە ڕووی سیاسییەوە دێن، واتە پێش هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٨.
ناسەقامگیری ناوچەیی: هەر پەرەسەندنێکی قەیرانەکە بۆ ماوەیەکى درێژخایەن دەتوانێت هەڕەشە لە سەر ئاسایشی بازرگانی و وەبەرهێنان دروست بکات.
تورکیا وەک ناوەندێکی وزەی هەرێمی
قۆستنەوەی قەیرانی گەرووی هورمز: داخستنی یان هەڕەشە لەسەر کەشتیوانی لە گەرووی هورمز کە ڕۆژانە نزیکەی ٢٠ ملیۆن بەرمیل نەوت تێیدا تێدەپەڕێت، وڵاتان ناچار دەکات بەدوای جێگرەوەدا بگەڕێن. تورکیا ئەمە بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ ئەوەی خۆی وەک ڕێڕەوێکی ترانزێتی وزەی پارێزراو بۆ ئەوروپا بخاتە ڕوو.
پڕۆژەی ستراتیژییەکانى وزە: دیارترین پڕۆژەکان بریتین لە:
‌أ.هێڵی بۆری کەرکوک-جەیهان: بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق بۆ دەریای ناوەڕاست.
‌ب.هێڵی بۆری تورکستریم: بۆ گواستنەوەی گازی ڕوسیا بۆ ئەوروپا لە ڕێگەی تورکیاوە.
‌ج.پێشنیارەکانی گواستنەوەی گازی قەتەر لە ڕێگەی تورکیاوە بۆ ئەوروپا.
ئەگەر ئەم پڕۆژانە سەربکەون، تورکیا دەتوانێت ببێتە خاڵى بەیەک گەیشتنى سەرەکى لە نێوان ڕۆژهەڵاتی بەرهەمهێنەری وزە و ڕۆژئاوای بەکاربەردا.
بەرزکردنەوەی ڕۆڵی تورکیا وەک ڕێڕەوێکی بازرگانی (پڕۆژەی ڕێڕەوی گەشەپێدان)
تورکیا هەوڵدەدات ڕێڕەوێکی بازرگانی ستراتیژی پەرەپێبدات کە عێراق، تورکیا و ئەوروپا بەیەکەوە دەبەستێتەوە. گرنگی پڕۆژەکەش لەوەوە دێت کە تورکیا دەبێت بە جێگەرەوەیەک بۆ ڕێگا دەریاییە مەترسیدارەکان (کەنداو، دەریای سوور) و ڕکابەرێکی پڕۆژەی IMEC کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتگیری دەکرێت.

سوودەکانى تورکیا
گواستنەوەی ٢٠-٢٥ ملیۆن تۆن کاڵاى ساڵانە.
بەهێزکردنی پێگەی تورکیا وەک ناوەندێکی لۆجستیکی جیهانی.
دەستکەوت لە پیشەسازییەکانی بەرگریدا
شەڕەکە خواست لەسەر سیستەمی بەرگری، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و پێداویستى سەربازی بەرزدەکاتەوە. لەو ڕوەوە تورکیا خاوەنی کۆمپانیای بەهێزە وەک بایکار، ئاسێلسانە کە دەتوانێت قزانجى بەرچاو بکات، نموونەی هاوکاری ڕێککەوتنەکان لەگەڵ سعودیە بۆ دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هاوبەشی لەگەڵ ئیمارات و قەتەر لە کەرتی بەرگریدا کە دواجار دەتوانێت  هەناردەکردنی چەک فراوانتربکات و کاریگەری سەربازی و سیاسی بەرزتر بکاتەوە.
خواستى تورکیا بۆ بوون بە ناوەندێکی دارایی ناوچەیی
کێبڕکێ لەگەڵ دوبەی: تورکیا لە مێژە هەوڵی ئەوە دەدات ئیستەنبوڵ بکاتە ناوەندێکی دارایی، بەڵام ڕووبەڕووی کێبڕکێ بووەتەوە لەلایەن ئیمارات و سعودیيەوە.
کاریگەری هێرشەکان بۆ سەر کەنداو:
أ‌.وێنەی پەناگەی ئاسایش وڵاتانی کەنداوى لاواز کرد.
ب‌.پاڵنەر بووە بۆ کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی بیر لە گواستنەوەیان بۆ ئەستەنبوڵ بکەنەوە.
 بەڵام سەرەڕای ئەو دەرفەتە، تورکیا ڕووبەڕووی لاوازی متمانە بە سیستەمی دادوەری، نیگەرانییەکانی وەبەرهێنەران سەبارەت بە ناسەقامگیری یاسایی بووەتەوە
ئەنجام
سەرەڕای ئاڵنگارییە ئابووری و ئەمنییانەى کە شەڕ لەگەڵ ئێراندا دروستی کردووە، تورکیا ئەم قەیرانە وەک دەرفەتێکی مێژوویی بۆ داڕشتنەوەی ڕۆڵی ناوچەیی خۆی دەبینێت. لە کاتێکدا لە کورتخایەندا بەدەست تێچووی بەرزی وزە و ناسەقامگیرییەوە دەناڵێنێت، کاردەکات بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەکان بکات بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی وەک ناوەندێک بۆ وزە، بازرگانی، بەرگری و دارایی. بەڵام سەرکەوتنی ئەم ستراتیژە بەندە بە سەقامگیری ناوخۆیی، توانای ڕاکێشانی وەبەرهێنان و بەڕێوەبردنی پەیوەندییە ناوچەییە ئاڵۆزەکان.