شارپرێس:
دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، واشنتۆن تەلئەبیبی ئاگادارکردۆتەوە کە ئەو وادەیەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئێرانی دیاریکردبوو، ڕۆژی یەکشەممە کۆتایی دێت.
دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاویکردەوە "ئەمریکییەکان ئیسرائیلیان ئاگادارکردووەتەوە کە ئەو وادەیەی ترەمپ بۆ ئێرانی دیاریکردووە، یەکشەممەی داهاتوو کۆتایی دێت".
ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی کە ناوی نەهێنراوە ڕایگەیاندووە، ترەمپ لە هەوڵی لێکتێگەیشتنە لەگەڵ ئێران، نەک تەنها بۆ ئەنجامدانی دانوستان.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوە ئیسرائیلییەکان کە ناویان نەهێنراوە، بەئاژانسەکەیان ڕاگەیاندووە، بەدووری نازانرێت تا ڕۆژی یەکشەممە هەردوولا بگەنە لێکتێگەیشتن.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، هەست بە "بێسەروبەری لە هەڵسوکەوتی ئەمریکییەکان" دەکەن، ڕوونیشیکردووەتەوە، "تەنها لە هەواڵەکان و هەژمارە سۆشیال میدیاکانەوە زانیاری لەسەر پێشهاتەکانی ئەم دواییە سەبارەت بە کردەوەکانی ترەمپ دەزانین".