شێروان شێروانی داوا دەکات بگوازێتەوە بۆ چاکسازی گەورانی سلێمانی

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 150 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەستەی مافی مرۆڤ ئاشکرایکرد، شێروان شێروانی لەبەرامبەر شکاندنی مانگرتنی لە خواردن دوو داواکاری ئاراستەی دەستەکە کردوەو هەردوو داواکەی لەلایەن چاکسازی گەورانی هەولێر رەتکراوەتەوە، کە یەکێکیان بریتی بوە لە گواستنەوەی بۆ چاکسازی گەورانی سلێمانی.


دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،" شاندێکیان بە سەرۆکایەتی سڵێمان محسن سندی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن و بە یاوەری جونەید عەبدولباقی، بەڕێوەبەری نوسینگەی هەولێری دەستە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازیی گەورانی هەولێریان کرد و چاویان بە سزادراو (شێروان شێروانی) کەوت و گوێیان لە داخوازییەکانی گرت ".

بەپێی راگەیەنراوەکە، شێروان شێروانی دوو داواکاری سەرەکی ئاراستەی تیمی دەستەکە کرد، ئەویش پێدانی مۆڵەتی چونەوەی ماڵەوە بەپێی یاسا و ڕێنمایییەکان، لەحاڵەتی جێبەجێنەکردنی داواکاری یەکەم، ڕێگەی پێ بدرێت بگوازرێتەوە بۆ چاکسازیی گەورانی سلێمانی، ناوبراو ڕایگەیاند کە وەڵامدانەوەی دروستی ئەم داواکارییانە دەبێتە هۆی ئەوەی کۆتایی بە مانگرتنەکەی لە خواردن بهێنێت.

دەستەی مافی مرۆڤ ئەوەشیخستەڕوو، وەڵامی کارگێڕی چاکسازی و لایەنی یاسایی دوای بریتیبون لەمانە: سەبارەت بە مۆڵەتی ماڵەوە لیژنەی مۆڵەتی سزادراوان ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەپێی ڕێنمایییەکان، دەبێت سزادراو لانیکەم یەک ساڵی تەواو لە ماوەی حوکمەکەی بڕیبێت، بەو پێیەی تەنیا ٧ مانگ بەسەر حوکمدانی کۆتایی ناوبراودا تێپەڕیوە، لە ئێستادا مەرجی یاسایی مۆڵەت نایگرێتەوە.

سەبارەت بە گواستنەوە لیژنەکە، دەستەی مافی مرۆڤ دەڵێت، بنەمای گواستنەوە (نەقڵ) لەسەر بنەمای شوێنی نیشتەجێبونی خێزان دەبێت، بەو پێیەی ماڵی سزادراو لە هەولێرە نەک سلێمانی، داواکاری گواستنەوەکەی لە لایەن لیژنەی پەیوەندیدارەوە ڕەتکراوەتەوە.