ئەمریکا لەدژی بەریتانیا هەنگاو دەنێت و لەندەنیش هەڕەشە دەکات

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1601 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەریتانیا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەرگیز دەستبەرداری سەروەری خۆی بەسەر دوورگەکانی فۆکلاند نابێت، ئەمەش دوای ئەوە هات کە لە ئیمەیڵێکی دزەپێکراوی وەزارەتی جەنگی ئەمریکاوە پێشنیار کرابوو واشنتۆن پێداچوونەوە بە پشتیوانییەکەی بۆ لەندەن بکات بەرانبەر بە خاوەندراێتیی دورگەکە.

هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستی بەریتانیا بەرامبەر بە ململانێی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بەدڵی ئیدارەی ترەمپ نییە.

ئەم دزەپێکردنە کاردانەوەی توندی لە بەریتانیا لێکەوتەوە، لە حکومەتەوە تا سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆن و دانیشتووانی دوورگەکە.

وتەبێژی سەرۆک وەزیران، کیر ستارمر ڕایگەیاند، هەڵوێستی وڵاتەکەی نەگۆڕە و سەروەری دوورگەکە بۆ بەریتانیا دەگەڕێتەوە و مافی چارەی خۆنووسینی دانیشتووانەکەی گرنگترین بابەتە.

 لە بەرامبەردا، کێمی بادینۆک سەرۆکی پارتی پارێزگاران و نایجل فاراج سەرۆکی پارتی چاکسازی، جەختیان لەوە کردەوە کە خاکی فۆکلاند بەریتانییە و دانوستان لەسەر چارەنووسیان ناکرێت.

هەرچەندە ئەم دزەپێکردنە بۆتە هۆی گرژی لە پەیوەندییەکانی نێوان لەندەن و واشنتۆن، بەتایبەت پێش سەردانی چاوەڕوانکراوی شا چارڵز بۆ ئەمریکا، بەڵام داونینگ ستریت نیگەرانی خۆی لە گۆڕانی هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ نەشاردەوە و جەختی لە پتەوی پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردەوە.

حکومەتی دوورگەکانی فۆکلاندیش بە تەواوی متمانەی خۆی بە بەریتانیا دەربڕی، بەتایبەت دوای ئەو ڕیفراندۆمەی ساڵی 2013 کە تێیدا 99.8 لەسەدی دانیشتووانەکە بە بەشداری 92 لەسەدی دەنگدەران، دەنگیان بە مانەوە وەک هەرێمێکی بەریتانی دا.

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە ئەندامانی ئەنجومەنی لۆردانی بەریتانی هۆشداری دەدەن پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات گەیشتۆتە خراپترین ئاستی خۆی لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە.

هەروەها جۆرج ڕۆبەرتسۆن، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ئاماژەی بەوە کرد کە چیتر پشتبەستنی سەربازیی بەریتانیا بە ئەمریکا بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام نابێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، پێدەچێت ئەمریکا بیەوێت بەم گوشارە ناڕاستەوخۆیانە کاردانەوەی بەریتانیا بەرامبەر بە سیاسەتەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاقیبکاتەوە، بەڵام لەندەن هێشتا سوورە لەسەر پاراستنی سەروەری خاکەکەی و بەهێزکردنی هاوپەیمانییەکانی.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی