تەندروستی سلێمانی لەلێواری مەرگدایەو قەیرانێکی گەورە بەرۆکی دەگرێت

کوردستان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1346 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەشێکی زۆری نەخۆشخانەکانی سلێمانی و بەتایبەت نەخۆشخانەی منداڵان و مناڵبون بەدەست کەمی مەوادی تاقیگەیی و ئامێرە تەندروستییەکان دەناڵێنن، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانیش دەڵێت،" کەرتی تەندروستی سلێمانی لەلێواری مەرگدایە ".


د. کۆیان زاهیر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ شارپرێس رایدەگەیەنێت،" لەهەردوو نەخۆشخانەی منداڵان و مناڵبونی سلێمانی تەنها 10 ئامێری هەناسەدان هەیە و بەهۆی کاردکردنی بەردەوامەوە ئەوانیش فشاریان دەکەوێتە سەر و مەترسی لەکار کەوتنیان لەسەرە ".

هاوکات، د. هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بۆ شارپرێس دەڵێت،" بەهۆی کۆتاییهاتنی گرێبەستی سازدانەوەو چاککردنەوەی ئامێرە تەندروستییەکان، ئەو ئامێرانە بە پەکخراوەیی دەمێننەوە، چونکە سازدانەوەیان پێویستی بە بودجەیەکی زۆرە و وەزارەتی دارایی ئامادە نییە ئەو بودجەیە بۆ چاککردنەوەی ئەو ئامێرانە تەرخان بکات ".

جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی وتیشی،" ئەو ئامێرانەی ئێستا لەسنوری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی کاریان پێدەکرێت بەشێکیان لەرێی خێرخوازان و بەشێکی دیکەش لەڕێی فشارخستنەسەر وەزارەتی تەندروستییەوە توانراوە بکڕدرێن، بەڵام گەورەترین کێشە ئەوەیە کە ئەو ئامێرانە گرێبەستی سازدانەوەیان کۆتاییهاتوە ".

هێرش سەید سەلیم باسی لەوەشکرد،" لەهەموو سنوری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی تەنها دوو ئامێری MRI کاردەکات و ئەوانی تر لەکارکەوتون و دەبێت بە نرخی ئاسن بیانفرۆشینەوە، بەڵام بەداخەوە حکومەتیش نایکڕێتەوە ".