وردەکاریی پێشنیازە نوێکانی ئێران بۆ ئەمریکا.. یەکەمجار کردنەوەی گەروی هورمز دواتر پرسی ئەتۆمیی

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 285 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئێران لە ڕێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە پێشنیازێکی نوێی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشکەش کردووە کە ئامانج لێی دابەشکردنی دۆسیەکان و چارەسەرکردنیانە بەپێی پێشینەیی. 

 
ئەم پێشنیازە لە کاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ ئەنجامدانی خولی دووەمی دانوستانە ڕاستەوخۆکان لە پاکستان تووشی ئاستەنگ بوون. ناوەڕۆکی پێشنیازە نوێیەکە لەسەر ئەوە وەستاوە کە دۆسیەی کۆتاییهێنان بە جەنگ و کردنەوەی گەرووی هورمز بکرێتە پێشینە، لە بەرامبەردا دانوستانە ئەتۆمییەکان بۆ قۆناغێکی دواتر دوابخرێت.

بەپێی شرۆڤەی شارەزایانی سیاسی، پلانی ئێران لە سێ قۆناغ پێکدێت. قۆناغی یەکەم بریتە لە یەکلاکردنەوەی دۆسیەی جەنگ و کۆتاییهێنان بە دەستدرێژییەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی نەک تەنها درێژکردنەوەی ئاگربەست.

 قۆناغی دووەم کردنەوەی گەرووی هورمزە کە داواکارییەکی سەرەکیی ئەمریکایە، لە کاتێکدا قۆناغی سێیەم تەرخان دەکرێت بۆ پرسی ئەتۆمی، کە تێیدا ئێران ئامادەیی دەردەبڕێت پیتاندنی یۆرانیۆم لە 60٪ بۆ 20٪ دابەزێنێت بۆ مەبەستی پزیشکی.

 بەرامبەر بەم هەنگاوانە، ئێران داوای هەڵگرتنی گەمارۆکان، قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ و ئازادکردنی ئەو پارانە دەکات کە لە سەرەتای شۆڕشی ئیسلامییەوە بلۆککراون.

لە بەرامبەردا، هەڵوێستی ئەمریکا تا ئێستا جیاوازە، بەوپێیەی وڵاتە یەکگرتووەکان وەک پێشتر پێداگرە لەسەر ئەوەی کە پرسی ئەتۆمی بنەمای سەرەکی هەموو دانوستانەکانە و هەر ڕێککەوتنێک دەبێت لەو خاڵەوە دەست پێ بکات. 

ئەمریکا پێی وایە دانوستان بۆ بابەتی دیکە وەک کردنەوەی گەرووی هورمز بەبێ چارەسەری کێشەی پیتاندنی یۆرانیۆم، نابێتە هۆی ئەنجامێکی گشتگیر، هەروەک واشنتۆن نیگەرانە لەوەی درێژکردنەوەی ئاگربەست بەبێ چارەسەری ئەتۆمی دەرفەت بە ئێران بدات هێزەکانی خۆی بەهێز بکاتەوە.

 سەرەڕای ئەوەی دۆسیەی مووشەکی ئێران لە پێشینەی کارەکانی ئەمریکا کەمبۆتەوە، بەڵام جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی "پێویستە کێشە بنەڕەتییەکە چارەسەر بکرێت" وەک هێڵی سووری ئەمریکا ماوەتەوە.

لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت دۆناڵد ترمپ لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان تاوتوێی ئەم پێشنیازە بکات، میدیاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە وڵاتی عومان وەک کەناڵێکی نەریتی و سەرەکیی بۆ دانوستانەکان جارێکی دیکە هاتووەتە پێشەوە. 

بەگشتیی، جیاوازیی بنەڕەتیی لە نێوان هەردوو لادا لەسەر ڕێکخستنی پێشینەکانە؛ ئێران دەیەوێت بە دۆسیەی ئەمنیی و ئابووریی دەست پێ بکات، بەڵام ئەمریکا پێداگرە لەسەر ئەوەی کە هیچ ڕێککەوتنێک بەبێ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی ئەتۆمیی بەدی نایەت.