شارپرێس:
لەوەرچەرخانێکی مەترسیداری پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکاو عێراقدا، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا (هاریس) پەیامێکی توندی ئاراستەی سەرکردەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" کردو ڕایگەیاند،" هیچ سەرۆک وەزیرانێک لەداهاتودا نابێتە جێگەی قبوڵ ئەگەر ڕای ئەمریکای لەسەر نەبێت".
میدیاكانی عێراق بڵاویانكردەوە، كەکاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا (هاریس) پەیامێکی توندی ئاراستەی سەرکردەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" کردوە.
چاودێران پێیان وایە، پەیامەکە تەنها گوزارشت لەنیگەرانی نەکردوە، بەڵکو وەک "نەخشەڕێگایەکی نوێی سزادان" دەردەکەوێت کە حکومەتەکەی سودانی و هێزە پشتگیرەکانی دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت.
ئەمریکا بەڕاشکاوی ڕایگەیاندوە کە بەشداریپێکردنی "ئەبو ئالا وەلائی" لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی، تەنها 24 کاتژمێر دوای خستنە ناو لیستی داواکراوانی واشنتۆن، وەک "تەحەدایەکی فازح" بۆ ئیدارەی ترەمپ و حکومەتی ئەمریکا دەبینرێت. واشنتۆن پێی وایە ئەمە بەڵگەیەکە کە حکومەتی ئێستا نەک هەر ناتوانێت کۆنتڕۆڵی میلیشیاکان بکات، بەڵکو بووەتە چەترێک بۆ پاراستنیان.
لەپەیامەکەدا، ئەمریکا پەردەی لەسەر چەندین دۆسیەی هەستیار لاداوەو حکومەتی بەغدا و چوارچێوەی هەماهەنگی بەهاوبەش لەم تاوانانە تۆمەتبار دەکات
• هەدەردانی سامانی گشتی: سەرکەوتوویی لە دزی و تاڵانکردنی پارەی دەوڵەت.
• تێکدانی ئاسایش: بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەکان، دامەزراوە فەرمییەکان، و هەرێمی کوردستان.
• تیرۆری سیاسی: بێدەنگکردن و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان.
• قاچاخی دۆلار: شکستهێنانی حکومەت لە ڕێگریکردن لە بردنی "شایستەی دارایی عێراقییەکان" بۆ دەرەوە.
هاوكات، پەیامەکە ئاماژەیەکی ڕونە بۆ ئەوەی کە ئەمریکا چیتر مامەڵە لەگەڵ ئەو لایەنە سیاسییانە ناکات کە "بەرگی دەوڵەت"یان پۆشیوە و لەپشتەوە پشتگیری گرووپە چەکدارەکان دەکەن. ئەمە بەو مانایەیە کە قۆناغی داهاتوو، قۆناغی "هەنگاوی کردەیی و بڕیاری بەئازار" دەبێت دژی ئەو کەسایەتی و لایەنانەی کە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا دەخەنە مەترسییەوە.
ئەم پەیامە وەک بومەلەرزەیەکی سیاسی لەناوەندە بڕیاربەدەستەکانی بەغدا لێکدەدرێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت کاردانەوەی توندی لێبکەوێتەوە، بەتایبەت کە ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ گۆڕانی مامەڵەی "ئیدارەی نوێی ئەمریکا" لەگەڵ دۆسیەی عێراق.