شارپرێس:
دوای ئەوەی بڕیارە ئەمشەو لەبەغدا كۆبونەوەی كۆتایی لەبارەی دیاریكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ئەنجامبدرێت، سەرچاوەیەكی تایبەت ئەوەی بۆ شارپرێس ئاشكراكرد، كە عەلی زەیدی كاندیدی بەهێزی لایەنەكانە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.
بڕیارە ئەمشەو لەبەغداوە عەلی زەیدی بەفەرمی لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە ڕادەسپێرێت.
عەلی زەيدی، دامەزرێنەرو خاوەنی كەناڵی تەلەفزیۆنی دیجلەیە لەعێراق و پیشەی بازرگانەو خاوەنی بانكێكی عێراقیشە.
هاوكات، ئەمرۆ لایەنەكان، بۆ ڕێککەوتن لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیران لەماڵی فالح فەیاز کۆبونەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ ئەمریكا جارێكی دیكە هۆشداری توندی دایە عێراق و ڕایگەیاند، هیچ سەرۆک وەزیرانێک لەداهاتودا نابێتە جێگەی قبوڵ ئەگەر ڕای ئەمریکای لەسەر نەبێت.
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوەدێن، بەگوێرەی دەستور، شەوی ڕابردوو 15 ڕۆژەكە بۆ دیاریكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كۆتایی هات.