شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەرێگەی پڕۆگرامی "پاداشت بۆ دادپەروەری" (Rewards for Justice)، بڕی 10 ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات تەرخان دەكات بۆ هەر کەسێک زانیاریی لەسەر شوێن یان چالاکییەکانی "حەیدەر موزهر مەلەک سەعیدی" بدات كە فەرماندەی گروپێکی چەکداری نزیک لەئێرانەو لەعێراق نیشتەجێیە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، حەیدەر سەعیدی کە بەحەیدەر غەراوییش دەناسرێت، ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی ئەنسارەڵڵای ئەوفیایە. واشنتن ئەم گروپە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی دەناسێنێت کە لەعێراق جێگیرن.
لەڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە سەعیدی و گروپەکەی بەرپرسن لەئەنجامدانی هێرش بۆ سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لەعێراق، هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکان و کارمەندانی ئەمریکی لەعێراق، ئوردن و سوریا و کوشتنی سەربازانی ئەمریکی و هاوڵاتییانی مەدەنی عێراقی.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لەهاوڵاتییان کردوە هاوکارییان بکەن بۆ راگرتنی ئەم کەسەو دەڵێت هەر زانیارییەک هەبێت دەتوانرێت لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی "سیگناڵ" یان لینکی تایبەتی "تۆر" (Tor) بە شێوەیەکی نهێنی رەوانە بکرێت. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە زانیاریدەران رەنگە مافی گواستنەوە بۆ شوێنێکی ئارام (Relocation) و وەرگرتنی خەڵاتە داراییەکەیان هەبێت.
ئەم هەنگاوەی واشنتۆن لەکاتێکدایە، كەئەمریكا فشارەكانی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی گروپەچەكدارەكانی سەر بەئێران لەناو عێراقدا چڕكرۆدتەوە.
