شارپرێس:
ڕۆژنامەی "نیزافیسیمایا گازیتا"ی ڕوسی، لەڕاپۆرتێکی شیکارییدا هۆکاری ڕاستەقینەی پشت بڕیارەکەی وڵاتی ئیماراتی بۆ کشانەوە لەڕێکخراوی ئۆپێک ئاشکراکردووە، کە لە ساڵی 1967ـەوە تێیدا ئەندام بووە.
راپۆرتەکە دەڵێت: ئەبوزەبی هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە بەپەلەکانی بازاڕ بەهۆی قەیرانی گەرووی هورمز گەڕاندووەتەوە، بەڵام سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی لە کەنداو دەڵێت ئەم هەنگاوە زیاتر پەیوەندی بە ویستی ئیماراتەوە هەیە بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی سەربەخۆتر لە وڵاتانی دیکەی کەنداو، بەتایبەت کە لەم دواییانەدا ڕەخنەی توندی لە دراوسێکانی گرتووە سەبارەت بە هەڵوێستیان بەرامبەر جەنگی ئێران.
ئەنتۆن مارداسۆف، شارەزای کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە رۆژنامەکەی وتووە: هەڵوێستی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو بەرامبەر هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ژێرخانە عەرەبییەکان زۆر لاواز بووە، لە کاتێکدا دامەزراوەکانی ئیمارات هاوشێوەی ئیسرائیل ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە.
هەروەها سەبارەت بە پاکستان، مارداسۆف ئاماژەی بەوە کردووە کە ئیسلام ئاباد هەوڵی داوە بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش دژی ئێران سووک بکات و ڕێگەی بازرگانی نەوت بۆ تاران دابین بکات.
رۆژنامەکە پێی وایە هەرچەندە کێبڕکێ لە نێوان ئیمارات و سعودیەدا هەیە، بەڵام جەنگی ئێران وایکردووە ئەم ناکۆکییانە ڕابگیرێن، چونکە ئیمارات پێداگرە لەسەر ئەوەی ناتوانرێت چاوپۆشی لە هێرشەکانی ئێران بکرێت و پێویستە سیاسەتێکی ڕوونتر پەیڕەو بکرێت، تەنانەت ئەگەر وەک هەوڵێک بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلیش درووست کرابێت.