ناوەندێکی توێژینەوەی ئیسرائیلی لەبارەی ئێرانەوە هۆشداریی دەدات

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 338 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 

شارپرێس:

ڕاپۆرتێکی توێژینەوەی بەرفراوانی ئیسرائیلی هۆشداری دەدات کە لە ئەگەری پەککەوتنی تەواوەتیی خەونە ئەتۆمییەکانیدا، ڕەنگە ئێران بەرەو چڕکردنەوەی پەرەپێدانی تواناکانی لە بواری چەکی کیمیایی و بایۆلۆژیدا هەنگاو بنێ و ئەم ڕێڕەوەش ببێتە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی ستراتیژیی بەرگریی و هێرشبەریی تاران لە قۆناغی داهاتوودا. 

ئەم ڕاپۆرتە کە لەلایەن سەنتەری "بیگن-سادات بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان" لە زانکۆی بار ئیلان دەرچووە، ئاماژە بەوە دەکات کە دوای سستبوونی پڕۆسە ئەتۆمییەکە بەهۆی ئەو هێرشانەی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ماوەی 2025–2026 ئەنجامیان دا، تاران خەریکی دووبارە ئاڕاستەکردنەوەی سەرچاوەکاینیەتی بەرەو جبەخانە نائەتۆمییەکان.

بەپێی هەڵسەنگاندنەکان، ئەم چەکە نوێیانە دەبنە جێگرەوەیەک بۆ قەرەبووکردنەوەی بێبەشبوون لە چەکی ئەتۆمی، هەرچەندە ئێران بە فەرمیی ئەندامی پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی بایۆلۆژییە (BWC) لە ساڵی 1973وە و هەموو تۆمەتەکان ڕەتدەکاتەوە.

 

 باوەڕ وایە تاران لەو بڕوایەدا بێت کە پەرەپێدانی کڵاوەی جەنگیی موشەکیی کە هەڵگری ماددەی کیمیایی یان بایۆلۆژی بن، جێگرەوەیەکی کەم تێچووتر و کاراترە بۆ پاراستنی هێزی بەرپەرچدانەوەی وڵاتەکە.

تۆڕێکی بەرفراوان لە زانکۆ و ناوەندە زانستییەکان وەک زانکۆی پیشەسازیی مالیک ئەشتەر، زانکۆی ئیمام حوسێنی سەر بە سوپای پاسداران، و زانکۆی شەهید بەهەشتی، تۆمەتبار دەکرێن بەوەی لەژێر پەردەی توێژینەوەی مەدەنیی و پزیشکییدا، کار بۆ پەرەپێدانی تەکنۆلۆژیای دوو لایەنە دەکەن. 

ئەم ناوەندانە لە بوارە وردەکانی وەک نانۆ-پزیشکی، جینۆم، و نەخۆشییە گواستراوەکانی کۆئەندامی هەناسە کار دەکەن کە دەکرێت بۆ بەرهەمهێنانی چەکی بایۆلۆژی بەکاربهێنرێن.

لە کۆتاییدا ڕاپۆرتەکە هۆشداریی دەدات کە ئەگەر تاران لە چەکی ئەتۆمی بێهیوا بێت، ڕەنگە کێبڕکێی ستراتیژیی لە ناوچەکەدا بەرەو بوارە "شاراوەتر و جۆراوجۆرەکان" بگۆڕێت، ئەمەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی جۆرێکی نوێ لە مەترسیی کە تێیدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکەکان بە کەرەستەی کیمیایی و بایۆلۆژی پێشکەوتوو پڕ دەکرێنەوە، ئەمەش ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قووڵتر دەکاتەوە.



بەپەلە