شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕەزامەندی لەسەر فرۆشتنی سیستمێکی پێشکەوتوی بەرگریی ئاسمانی بەوڵاتی کوهیت دەربڕی، بەئامانجی بەهێزکردنی تواناکانی ئەو وڵاتە لەبەرەنگاربونەوەی هەڕەشە ناوچەییەکان.
ڕۆژی هەینی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕیارێکی فەرمی دەرکرد بۆ پەسەندکردنی فرۆشتنی کەلوپەلو خزمەتگوزاریی سەربازی بەکوهیت کە تێچوەکەی بە 2.5 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، گرێبەستەکە کڕینی سیستمی یەکگرتوی فەرماندەیی جەنگیو چەندین کەرەستەی تەکنیکیی پێشکەوتوو لەخۆدەگرێت.
بهگوێرهى بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوە، حکومەتی کوهیت داوای کڕینی ئەم پێداویستییانەی کردوە، شهش ناوەندی گەڕۆکو دوو ناوەندی جێگیر بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە جەنگییەکانی ناو سیستمی IBCS، ههروهها 35 کۆمەڵە تۆڕی یەکگرتوو بۆ موشەکەکان لەسەر سەکۆ پەرەپێدراوەکان، ئامێری کۆدکردنی پێشکەوتوو (KIV 77/79) بۆ دەستنیشانکردنی ناسنامەی فڕۆکەکان (دۆست یان دوژمن)، خزمەتگوزارییەکانی مەشقو ڕاهێنان، پشتیوانی لۆجستیو دابینکردنی پارچەی یەدەگ.
مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لەپاساوێکی وردا ڕایگەیاند کە "بارودۆخێکی نائاسایی" هەیە کە وادەکات پێویست بێت ئەم چەکانە بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕێکارە باوەکانی ناو کۆنگرێس بەخێرایی بەکوهیت بفرۆشرێن.
ڕوبیۆ جەختیکردەوە، ئەم هەنگاوە لەبەرژەوەندیی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکادایە.
واشنتۆن ئاماژە بەوەدەکات، ئەم گرێبەستە پشتگیریی لەسیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکات لەڕێگەی بەهێزکردنی ئاسایشی هاوپەیمانێکی سەرەکی لەدەرەوەی پەیمانی ناتۆ، سیستمە نوێیەکە توانایەکی "چەند چین" دەداتە بەرگریی ئاسمانیی کوهیت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشەی موشەکیو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
لەکۆتایی بەیاننامەکەدا هاتوە، ئەم چەکو ئامێرانە نابنە هۆی گۆڕانی هاوسەنگیی هێزی سەربازیی لەناوچەکەدا، بەڵکو تەنها بۆ مەبەستی بەرگرییو پاراستنی سەقامگیریی سیاسیو ئابورییە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
