تورکیا نه‌خۆشخانه‌ گه‌وره‌كانى ڕۆژئاواى كوردستان ڕاده‌ستى حكومه‌ته‌كه‌ى شه‌رع ناكاته‌وه‌.. زانیاریى گرنگ

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1298 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەهەنگاوێکدا کە وەک ئاماژەیەک بۆ داننەنانی تەواوەتی ئەنكەرە بەسەروەریی دەسەڵاتی گواستنەوەی دیمەشق لەو ناوچانەی لەساڵی 2016وە لەژێر کۆنترۆڵیدایە، دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕەتیانکردەوە بەڕێوەبردنی نەخۆشخانە گەورەکانی باکوری سوریا (ناوچه‌ داگیركراوه‌كانى ڕۆژئاواى كوردستان) ڕادەستی دیمەشق بکەن.


به‌گوێره‌ى زانیارییەکان، تورکیا تەنها بەڕێوەبردنی سەنتەرە تەندروستییەکانی شاری (گرێ سپى)ی ڕادەستی بەشی چاودێریی تەندروستی لەبەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ڕەققە کردوە، ئەمەش دوای کۆبونەوەیەکی هەماهەنگی‌و واژۆکردنی کۆنوسەکانی وەرگرتن‌و ڕادەستکردن.

لەوبارەیەوە، وەزارەتی تەندروستی سوریا ڕاگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و نوسیویه‌تى، "ڕێککەوتنەکە تەنها گواستنەوەی بەڕێوەبردنی سەنتەرە تەندروستییەکان بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ڕەققە لەخۆدەگرێت، بەڵام بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەکان هەر لەژێر سەرپەرشتیی‌و دەسەڵاتی لایەنی تورکیادا دەمێننەوە".

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو هەنگاوە لەچوارچێوەی ڕێکخستنەوەی کەرتی پزیشکی‌و جێگیرکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکاندایە بۆ دانیشتوانی ناوچەکە.

ئەمە دوەم هەنگاوی لەمشێوەیەیە لەدوای ڕێککەوتنی هاوشێوەی مانگی ئاداری ڕابردوو لەشاری (عەزاز)، کە تێیدا تورکیا هەمان سیاسەتی پەیڕەوکردو تەنها دامەزراوە تەندروستییە بچوکەکانی ڕادەستکردو نەخۆشخانە سەرەکیی‌و گه‌وره‌كانى لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا هێشتەوە.