شارپرێس:
ڕاپۆرتێکی ئەمریکی
(پەیمانگەی ناوەندی عەرەبی لەواشنتۆن) وێنەیەکی مەترسیداری دۆخی ئێستای عێراق دەکێشێتو
ڕەخنەی توند لەهێزە سیاسییەکان دەگرێت، ڕاپۆرتەکە دەڵێت، "نوخبەی سیاسیی عێراق
لەناو جیھانێکی تەریبدا دەژینو ئاگایان لەو هەموو تەنگژەو مەترسییانە نییە کە وڵاتەکەیانی
گەمارۆداوە"، لەبری ئەوەی هەوڵی کەمکردنەوەی زیانەکان بدەن، خەریکی ململانێی
شەخسیو دەستکەوتی حزبین.
خاڵە هەرە گرنگەکانی
ڕاپۆرتەکە ئاماژه بهشکستی هاوسەنگیی تاران ـ واشنتۆن دهكاتو دهڵێت، "ئەو
هێزە سیاسیانەی ساڵانێک بوو لەسەر ڕاکێشانی پەتەکە لەنێوان ئێرانو ئەمریکا ڕاهاتبون،
ئێستا لەبەردەم سیناریۆی جەنگدا دەستەوستاننو ناتوانن ئەو هاوسەنگییە لانی کەمیش ڕابگرن".
لهبارهى پۆستی
سەرۆک وەزیرانهوه ئاماژه بهوهكراوه، چوارچێوەی هەماهەنگی بەئەنقەست هەوڵدەدات
کەسایەتییەکی بێ پڕۆژەو بێ بنکەی جەماوەریی (وەک عەلی زەیدی یان باسم بەدری) دیاریبکات،
بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران تەنها وەک بەڕێوەبەرێکی تەکنۆکرات بێتو گروپه چەکدارەکان
بەئاسانی کۆنترۆڵی بکەن، ئەم بێهێزییەش وادەکات حکومەت نەتوانێت لەکاتی تەنگژەکاندا
بڕیاری سەربەخۆ بدات.
باس لهجەنگو هەڕەشەی
ئابورییو مەترسییە گەورەکە كراوه، لهڕونكردنهوهى زیاتردا هاتوه، "عێراق
وەک دەوڵەتێکی ئابوریی یەک سەرچاوەیی کە 90٪ی بودجەکەی سەرچاوەکەی نەوتە، گەورەترین
قوربانیی داخستنی تەنگەی هورمز دەبێت، ئێستاش عێراق مانگانە نزیکەی شهش بۆ حهوت
ملیار دۆلار زیاندەکات، کە ئەمە لەگەڵ بەردەوامیی جەنگ بەرەو کارەساتێکی دارایی گەورە
دەچێت.
ئهوهش ڕونكراوهتهوه،
هێزە سیاسییەکان بەئەنقەست خۆیان لەپرسی گروپە چەکدارەکانو تێوەگلانیان لەجەنگ دەدزنەوەو
ڕاستییە تاڵەکان بۆ خەڵک باسناکەن، حکومەتیش بەبیانوی کاربەڕێکەربونى، لەبەرپرسیارێتی
ڕادەکات.
ڕاپۆرتەکە هۆشداریدەدات
کە عێراق ڕوبەڕوی یەکێک لەمەترسیدارترین قەیرانەکان بوەتەوە لەدوای جەنگی داعش، ئەم
دۆخە نەک هەر سەقامگیرییە لەرزۆکەکەی عێراق دەخاتە مەترسییەوە، بەڵکو دەبێتە هۆی هەژارییەکی
سەخت، بێکارییو تەقینەوەی توڕەیی کۆمەڵایەتیش، سەرەڕای هەموو ئەمانە، نوخبەی سیاسیی
لەجیھانە خەیاڵییەکەی خۆیانداو لەپشت سیستەمێکی بەرژەوەندخوازەوە، بێگوێدانە لێپرسینەوە،
بەردەوامن لەیارییەکانیان.
