پێشەکی
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵانی ڕابردوودا گۆڕانکاری بنەڕەتی لە سروشتی هاوپەیمانییە ئەمنی و سەربازییەکاندا بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی دوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ئەبراهام لە ساڵی ٢٠٢٠ کە هاوپەیمانییەکانى لە ئاستێکی دیپلۆماسی و ئابوورییەوە گواستەوە بۆ ئاستێکی پێشکەوتووی سەربازی و هەواڵگری. لەم چوارچێوەیەشدا ئەو زانیارییانەى ئەم دواییە بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە جێگیرکردنى سیستمی بەرگریی پێشکەوتووی ئیسرائیل لەناو ئیمارات، وەک هەنگاوێک لێکدەدرێتەوە کە ڕەنگدانەوەی ئەو مەترسییانەیە کە لە ئێرانەوە سەرهەڵدەدەن و قۆناغێکی نوێی هاوپەیمانی سەربازی لە ناوچەکەدا دادەمەزرێنێت.
سروشتی هاوکاری سەربازی و تەکنیکی
1. جێگیرکردنی سیستمی بەرگری پێشکەوتوو: داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیسرائیل سیستمی بەرگری پێشکەوتووی لەناو ئیماراتدا جێگیر کردووە، کە دیارترینیان:
أ. سیستمی تیشکی ئاسنین: بۆ ڕێگریکردن لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی کورت مەودا لەڕێگەی بەکارهێنانی تیشکی لەیزەرەوە.
ب. سیستمی گومەزی ئاسنین: بۆ ڕێگریکردن لە مووشەکەکان.
ج. سیستمی دیاریکردنی پێشکەوتوو: بۆ دۆزینەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە مەودای تا ٢٠ کیلۆمەترەوە.
جێگیرکردنی ئەم سیستێمانە نوێنەرایەتی گەشەیەکی چلۆنایەتی دەکات، بەو پێیەی هاوکارییەکان تەنها سنووردار نەبوون بە فرۆشتنی تەکنەلۆژیا، بەڵکو هێزی ئیسرائیلیش جێگیردەکرێت لە ئیمارات بۆ بەڕێوەبردنی ئەم سیستمانە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئاستێکی بەرزی متمانە و یەکخستنی ئۆپەراسیۆنەکانە.
2. گواستنەوەی تەکنەلۆژیای سەربازی تاقیکاری بە یەکێک لە پڕمەترسی ترین بەشی زانیارییەکان دادەنرێت بەوپێیەى ئەو سیستمانە لە ئیسرائیل هێشتا نەچووەتە بوارى کارپێکردنەوەى تەواوەتییەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ:
أ. خواستی ئیسرائیل بۆ تاقیکردنەوەی سیستمەکانی لە ژینگەیەکی کارپێکردنی ڕاستەقینەدا.
ب. ئامادەیی ئیمارات بۆ خزمەتکردن وەک مەیدانیێکى تاقیکردنەوە بۆ تەکنەلۆژیای سەربازی پێشکەوتوو.
ج. خێراکردنی هاوکارییەکان بۆ ئاستێکی بێ وێنەی نێوان هەردوو وڵاتدا.
ڕەهەندی هەواڵگری و هەماهەنگی ئەمنی
هاوکارییەکان تەنیا لە لایەنی سەربازیدا سنووردار نەبوون، بەڵکو هاوبەشکردنی زانیارى هەواڵگرییشی لەخۆگرتبوو، کە تێیدا:
1. هاوبەشکردنى زانیاری سەبارەت بە هەڵدانی مووشەک لە ڕۆژئاوای ئێرانەوە.
2. فەراهەمکردنى هۆشداری پێشوەختە لە دژی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکان.
3. پشتگیری لە سیستمی بڕیاردانی سەربازی ئیمارات.
ئەم شێوازەی هاوکاریی ڕەنگدانەوەی گواستنەوەی پەیوەندییەکە بۆ هاوپەیمانییەکی ئەمنی هاوتاى مۆدێلەکانی هاوپەیمانی لە ڕۆژئاوا.
پاڵنەرە ستراتیژییەکانی هەردوولا
1. پاڵنەرەکانی ئیماراتی: ئیمارات هەوڵی بەهێزکردنی توانای بەرگری خۆی لە بەرامبەر هەڕەشەکانی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەدات، کار لەسەر هەمەچەشنکردنی هاوبەشە ئەمنییەکانی بەدەر لە ئەمریکا دەدات و هاوکات لەگەڵ دروستکردنی سیستمێکی بەرگری فرە چین.
2. پاڵنەرەکانی ئیسرائیل: ئیسرائیل ئامانجی ئەوەیە کاریگەری ئەمنی خۆی لە کەنداودا فراوانتر بکات، هێڵی بەرگری پێشکەوتوو لە دەرەوەی سنوورەکانی دابنێت، سیستمی سەربازیی لە ژینگە جیاوازەکاندا تاقی بکاتەوە و هاوپەیمانییەکی ناوچەیی لە دژی ئێران دروست بکەن.
هەڕەشەی ئێران وەک پاڵنەر
پەرەسەندنی توانا سەربازییەکانی ئێران بە تایبەتی لە بوارەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (وەک مۆدێلی شاهید) و مووشەکی مەودای کورت و مامناوەند، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ بردنە پێشەوەى ئەم هاوکارییە. ئێران ستراتیژی شەڕی ناهاوسەنگ بەکاردەهێنێت، کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی کەم تێچووی بەکاردەهێنێت بۆ تێکدانى سیستمە بەرگرییە پێشکەوتووەکان، بەمەش نەیارەکانی ناچار دەکات شێوازی نوێی ڕێگریکردن وەک لەیزەر پەرەپێبدەن.
کاریگەرییە ناوچەییەکان
1. دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگی هێز: ئەم هاوکارییە ڕەنگدانەوەی پێکهێنانی بەرەیەکى ئەمنی نوێیە کە لەنێوان ئیسرائیل و دەوڵەتانی کەنداو پێکدێت.
2. ئەگەری پەرەسەندن لەگەڵ ئێران: پێدەچێت ئەم پێشهاتە ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیمارات، ئەگەری بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئیماراتیەکان لەلایەن بریکارەکانی ئێرانەوە و پێشبڕکێیەکی خێرای چەک لە ناوچەکەدا.
3. ڕۆڵی ئەمریکا: ئەمریکا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پشتگیری لەم نزیکبوونەوە دەکات، هەوڵدەدات سیستمێکی هاوبەشی بەرگری ناوچەیی بنیات بنێت و سوود لە هاوپەیمانییە نوێیەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئێران وەربگرێت.
هەڵسەنگاندنی ستراتیژی
ئەم هاوکارییە دەتوانێت ببێتە هۆى سەرهەڵدانى هاوپەیمانییەکی بەرگریی، جگە لەوەى کە تاقیکردنەوەیەکی پراکتیکی دەبێت بۆ ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام و نیشاندەرێکە بۆ گۆڕانکاری لە باوەڕى ئاسایشی کەنداودا، هەروەها ڕەنگدانەوەی گواستنەوەی ناوچەکەیە لە قۆناغێکی ئاساییکردنی پەیوەندى سیاسی بۆ قۆناغێکی یەکگرتنی سەربازی.
دەرەنجام
جێگیرکردنی سیستمی بەرگری سەربازى ئیسرائیل لە ئیمارات، وەرچەرخانێکی ستراتیژییە لە ئاسایشی ناوچەکەدا، کە تەکنەلۆژیای سەربازی لەگەڵ هاوپەیمانییە سیاسییەکان، سیستمێکی نوێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە هاوبەشەکان پێکدەهێنێت، لەگەڵ بەردەوامی گرژیەکانیش لەگەڵ ئێران، وا دیارە ئەم هاوکارییە بەرەو فراوانبوون و ئەگەری دووبارە کێشانەوەی نەخشەی هاوپەیمانییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاڵۆزترکردنی ژینگەی ئەمنی ناوچەکە دەچێت.
