شارپرێس:
لەکاتێکدا گرژییەکانی
واشنتۆنو تاران گەیشتونەتە لوتکە، هەڕەشە نوێیەکانی ترهمپ بۆ کشانەوە لەئەڵمانیا
نیگەرانیی گهورهى بهدواى خۆیدا هێناوه، شارەزایانیش دەڵێن، کشانەوە لەبنکەی (ڕامشتاین)
بەواتای پەککەوتنی هێرشە درۆنیو هەواڵگرییەکان دێت لەشەڕی ئێرانداو جێبەجێکردنیشی
پێویستی بەسەدان ملیار دۆلار هەیە.
هەڕەشەکانی دۆناڵد
ترهمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لەئەڵمانیا، ڕوبەڕوی ڕاستییەکی
ئاڵۆز دەبنەوە کە تێپەڕاندنیان ئاسان نییە، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری "پۆلیتیکۆ"،
گۆڕینی پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بڕیارێکی کردەیی، دەبێتە هۆی تێچویەکی خەیاڵیو
مەترسی گەورە بۆسەر ستراتیژیی واشنتۆن، بەتایبەت لەشەڕی دژی ئێراندا.
بەرپرسانو شارەزایانی
سەربازی جەختدەکەنەوە، هەر کشانەوەیەک پێویستی بەچەندین ساڵ کارکردنو خەرجکردنی
ملیارەها دۆلار هەیە، لهو ڕوهشهوه ژەنەڕاڵ مارک هێرتلینگ فەرماندەی پێشوی سوپای
ئەمریکا لەئەوروپا ئاماژە بەوەدەکات، پرۆسەکە لانی کەم چوار ساڵ دەخایەنێتو تێچوەکەشی
دەگاتە سەدان ملیار دۆلار، چونکە تەنها گواستنەوەی سەرباز نییە، بەڵکو گواستنەوەی
هەزاران خێزان، داخستنی نەخۆشخانەکانو چۆڵکردنی ئەو بنکە سەربازییانەیە کە تازە
نوێکراونەتەوە.
ئەڵمانیا ناوەندی
سەرەکیی هەژمونی سەربازیی ئەمریکایە لەجیهاندا، لەئێستادا نزیکەی 36 هەزار سەربازی
ئەمریکی لەو وڵاتەن (نیوەی کۆی هێزەکانی ئەمریکا لەئەوروپا)، بنکەی (رامشتاین) دەمارە
سهرەکییەکەی واشنتۆنە بۆ هەماهەنگی هێرشی درۆنەکانو گواستنەوەی کەرەستە بۆ ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاست.
هێرتلینگ هۆشداریدەدات
کە کشانەوەی خێرا، زیانێکی گەورە بەهەڵمەتە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئێران دەگەیەنێت.
بنکە سەربازییەکانی
ئەڵمانیا، بەتایبەت بنکەی (رامشتاین)، وەک شا دەماری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا
لەدژی ئێران کاردەکەن، شارەزایان هۆشداریدەدەن کە هەر کشانەوەیەکی خێرا یان کەمکردنەوەی
هێزەکان لەئەڵمانیا، دەبێتە هۆی پەککەوتنی هێڵەکانی گەیاندنو لاوازبونی توانای
موشەکییو هەواڵگریی ئەمریکا لەشەڕی ئێراندا، کە ئەمەش مەترسی گەورە بۆ سەر ئاسایشی
نەتەوەیی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی دروستدەکات.
جگە لەلایەنە لۆجستییەکە،
ترهمپ ڕوبەڕوی بەربەستێکی یاسایی دەبێتەوە، یاسایەک لەساڵی 2025 دەرچوە کە ڕێگریی
لەسەرۆک دەکات ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لەئەوروپا بۆ کەمتر لە76 هەزار سەرباز کەمبکاتەوە،
بەوپێیەی ئێستا 85 هەزار سەرباز لەئەوروپا هەن، ترهمپ تەنها دەسەڵاتی یاسایی هەیە
نۆ هەزار سەرباز بکشێنێتەوە، نەک هەموو هێزەکان.
لەلایەکی دیکەوە،
دیپلۆماتکارانی ناتۆ هۆشداریدەدەن کە کشانەوەی ئەمریکا بەمەبەستی تۆڵەکردنەوە کارێکی
دانسقە نییەو تەنها خزمەت بەڤلادیمێر پوتن دەکاتو بەرگرییەکانی ئەوروپا لاواز دەکات.
بەرپرسانی ئەڵمانیاش
بەهێمنی مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکەن، کریستۆف شمید پەرلەمانتاری ئەڵمانی لهوبارهیهوه
وتویهتى، "دەبێت بهگوێرهى کردەوەکانی ئیدارەی ئەمریکا بڕیار بدەین، نەک تەنها
قسەکانیان".
ململانێی توندی
ترهمپ لەگەڵ فرێدریچ مێرتز ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی شەڕی ئێران،
بوەتە هۆی دروستبونی گرژییەکی بێوێنە لەناو ناتۆدا، لەکاتێکدا ترهمپ کشانەوە وەک
فشارێک بەکاردههێنێت بۆ ناچارکردنی ئەوروپییەکان تا زیاتر تێوەگلێن لەململانێی ئێران،
دیپلۆماتکارانیش پێیانوایە، ئەم هەنگاوە تەنها خزمەت بەڕوسیاو ئێران دەکات.
ئەڵمانیا لەئێستادا
وەک ناوەندی چارەسەری بریندارانی شەڕی ئێرانو پاراستنی باڵی باکوری ناتۆ کاردەکات،
بۆیە لاوازکردنی ئەم پێگەیە بەواتای ناسەقامگیرکردنی تەواوی بەرەی ڕۆژئاوا دێت لەبەرامبەر
تارانو مۆسکۆدا.
