شارپرێس:
چەند ڕاپۆرتێکی
نێودەوڵەتی ئاشکرایانکردوە، ڕوسیا بوەتە دابینکەری سەرەکیی نەوت بۆ سوریا، ئەمەش سەرەڕای
ئەوەی حکومەتی نوێی ئەو وڵاتە بەرەو ڕۆژئاوا هەنگاو دەنێتو جۆرێک لەبێمتمانەیی بەرامبەر
مۆسکۆ هەیە بەهۆی پشتگیریکردنی سەربازیی لەڕژێمەکەی بەشار ئەسەد.
بهگوێرهى
داتاکانی ئاژانسی ڕۆیتەرزو زانیارییەکانی شوێنپێهەڵگری کەشتییەکان، هەناردەی نەوتی
ڕوسیا بۆ سوریا لەمساڵدا بەڕێژەی 75٪ زیادیکردوەو گەیشتوەتە نزیکەی 60 هەزار بەرمیل
لەڕۆژێکدا، ئەم گۆڕانکارییە دوای ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد لەکانونی یەکەمی 2024 هات کە
تێیدا ڕوسیا شوێنی ئێرانی گرتەوەو بوە یەکەم سەرچاوەی وزە بۆ دیمەشق.
شارەزایان پێیانوایە،
ئەم پەیوەندییە نەوتییە، نیشانەی سنورداریی بژاردەکانی بەردەم دیمەشقە، سەرەڕای
کرانەوەی سوریا بەڕوی وڵاتانی ڕۆژئاواو لادانی هەندێک لەسزاکان، بەڵام هێشتا ئابوریی
ئەو وڵاتە بەتەواوی تێکەڵی سیستەمی دارایی جیهانی نەبوە، ئەمەش وایکردوە مۆسکۆ وەک
دهرچهیهكى ناچاریی بمێنێتەوە.
هاوکات، ئەم
پشتبەستنە بەنەوتی ڕوسیا وەک کارتێکی فشار لەدەستی مۆسکۆدا دەمێنێتەوە بۆ پاراستنی
بەرژەوەندییەکانیو بنکە سەربازییەکانی لەسوریا، بەڵام لەلایەکی دیكهوه مەترسی لەسەر
پەیوەندییەکانی دیمەشقو واشنتۆن دروستدەکات، بەتایبەت ئەگەر ئەمریکا وەک فشارێک بۆ
سەر ڕوسیا لەپرسی ئۆکرانیادا، داوا لەسوریا بکات هاوردەکردنی نەوت لەمۆسکۆ ڕابگرێت.
ڕاپۆرتەکان
ئاماژە بەوەدەکەن، سوریا ڕۆژانە پێویستی بە 120 بۆ 150 هەزار بەرمیل نەوت هەیە، هەرچەندە
نەوتەکە لەڕێگەی تانکەرە سزادراوەکانی ڕوسیاوە دەگات، بەڵام دەسەڵاتدارانی سوریا لەڕاگەیاندنە
فەرمییەکاندا خۆیان لەناوهێنانی ڕوسیا دەپارێزن، ئەوەش بەهۆی هەستیاریی شەقامی سوریا
بەرامبەر مۆسکۆ، تەنها ئەو بارە نەوتەی کە وەک دیاری لەسعودییەوە گەیشت، بەڕاشکاوی
سەرچاوەکەی ئاشکراکرا.
لەکۆتاییدا، پسپۆڕانی
وزە هۆشداریدەدەن کە بەردەوامیی ئەم بازرگانییە لەگەڵ کۆمپانیا سزادراوەکانی ڕوسیا،
ڕەنگە کەرتی وزەی سوریا بخاتەوە ژێر باری سزای نوێی نێودەوڵەتیو پرۆسەی بونیادنانەوەی
وڵاتەکە پەکبخات.
