"دیاردەیەکی زۆر دەگمەن لەبەردەم مزگەوتەکان دەکرێت"؛ هۆشداری بە رۆژنامەنوسان دەدرێت

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1147 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان داوا لەکەناڵەکان دەکات کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی لەبەردەم مزگەوتەکان نەکەن و دەڵێت،" ئەو دیاردەیە زۆر دەگمەنە و لە ھیچ جێگایەکی تری دنیادا نەبوەو نەکراوە ".

 

لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لەڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، ماوەیەکە لە شاری سلێمانی و دەوروبەری، دیاردەیەکی زۆر دەگمەن بە میدیاو دنیای رۆژنامەوانی دەبینرێت، لە ھیچ جێگایەکی تری دنیادا نەبوەو نەکراوە بەردەم پرسەگەو مزگەوتەکان ببنە مینبەری میدیا و سیاسەت،  دەیان کەناڵ کۆدەبنەوەو پرێس کۆنفرانسێک ساز دەکەن بۆ قسەکەرێک کە بە نیازی پرسەو سەردانی کەسوکاری کۆچکردوو ھاتوە، نەک ئامادەسازبێت بۆ لێدوان و قسەکردن لەسەر پرسی سیاسەتی ئەو سەعاتەو ئەو رۆژە.

 

هەروەها لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بەسەرجەم کەناڵەکانی سنوری لقەکە رادەگەیەنێت، ئەم دیاردەیە شارستانیی نیەو ناوازە و دەگمەنەو نابێت رێزی مردوو رێزی کەسوکاری مردوو  و ئازادیی پرسەکەرانی تر قۆرغ بکرێن و بەردەم مزگەوتەکانیش ببێتە مینبەرو  گۆڕەپانی میدیا و سیاسەت و ململانێ.

ئەوەش هاتووە، داوا لە سەرجەم وتەبێژو بەرپرسانی حزبی و سیاسی و حکومی و ئیداری دەکەین کە لەبەردەم مزگەوتەکان و شوێنی عیبادەت و پرسەکان بابەتی سیاسی نەوروژێنن، دەشێت ئەو تەوەرانە لە کات و شوێنی تایبەت بە پرێس کۆنفرانس بێت وەک ئەوەی لە ھەموو دنیا دەگوزەرێت، نەک ناو پرسەکان و بەردەم دەرگای مزگەوتەکان.