بەڕەزامەندی ئەمریکا پزیشکێکی کورد بەدڵێکی بێ کێشە کۆتایی بەسەردەمی جەڵتە دەهێنێت

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2607 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دکتۆر ئازاد نەجاڕ پزیشک‌و داهێنەری ناسراوی کورد لەشاری هەولێره‌وه‌، سەرکەوتنی پڕۆژەیەکی زانستی گەورەی ڕاگەیاند کە بریتییە لەپەرەپێدانی دڵێکی دەستکرد بەمۆدێلێکی نوێ‌و پێشکەوتوو.


دکتۆر ئازاد کە خەڵکی شاری ئاکرێیەو دانیشتوی وڵاتی سویدە ئاشکرایکرد، ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ زانستە پزیشکییەکان مۆڵەتی فەرمی بەداهێنانەکەی بەخشیوەو بڕیاریشە لەسەرەتای ساڵی داهاتوەوە، بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی جیهان، دەست بەچاندنی ئەو دڵە دەستکردە لەجەستەی نەخۆشاندا بکرێت.

سەبارەت بەشوێنی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکان، د.ئازاد ئاماژەی بەوەکرد، هەولێر دەبێتە یەکەم وێستگەی جیهانیی بۆ چاندنی ئەم دڵە دەستکردە.

وه‌كو پزیشكه‌كه‌ ئاشكرایكرد، به‌گوێره‌ى خشتەی دیاریکراو، یەکەم‌و سێیەم نەخۆش-یش کە ئەم دڵەیان بۆ دەچێنرێت لەهەرێمی کوردستان دەبن‌و نەخۆشی دوەمیش هاوڵاتییەکی سویدی دەبێت.

زانیاریى زیاترى له‌وباره‌یه‌وه‌ خسته‌ڕوو وتى، "ئەم دڵە دەستکردە نوێیە بەشێوەیەک دیزاینکراوە کە کێشە تەقلیدییەکانی دڵ، بەتایبەت مەترسییەکانی جەڵتە، تێدەپەڕێنێت‌و میکانیزمێکی کارکردنی تایبەتی هەیە کە لەئاڵۆزییە پزیشکییەکانی پێشوو دورە".

نرخی ئەو دڵە دەستکردە 120 هەزار دۆلارەو وه‌كو دکتۆر ئازاد وتى، "شەش مانگمان پێویستە بۆ دروستکردنی دڵێک، بەڵام کاتێک کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە بەرنامەمانە بەمانگێک دڵێک دروستی بکەین، دڵەکە بەشێوەیەکی بێدەنگ کاردەکات‌و قەبارەی بچوکە، وەک دڵی سروشتی کاردەکات، ئەم دەستکەوتە زانستییەش وەک هەنگاوێکی مێژویی لەبواری پزیشکیدا دەبینرێت‌و چاوەڕواندەکرێت ناوی کوردو هەرێمی کوردستان لەناوەندە زانستییەکانی جیهاندا بەرزبکاتەوە".