یەکێتیی تۆپی پێی ئێران بۆ بەشداریکردن لەمۆندیال مەرجی هەیە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1239 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەهدی تاج سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئێران، هۆکارەکانی نەچونی خۆیی‌و هاوەڵەکانی بۆ ناو خاکی کەنەدای ڕونکردەوە، سەرەڕای ئەوەی مۆڵەتی چونەژورەوەیان پێدرابوو بۆ بەشداریکردن لەکۆنگرەی فیفا لەڤانکۆڤەر.


میدیا ئێرانییەکان لەزاری تاجەوە بڵاویانکردەوە، دەسەڵاتدارانی کۆچی کەنەدا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کردوە سەبارەت بەپەیوەندییان بەسوپای پاسدارانەوە کە به‌گوێره‌ى یاساکانی کەنەدا چونەژورەوەی ئەندامانی ئەو هێزە قەدەغەیە.

تاج ئاماژەی بەوەکردوە، هەمویان ڤیزای یاساییان هەبوە، بەڵام دوای لێپرسینەوەیەکی درێژخایەن‌و گومانکردن لەناسنامەیان، بڕیاریانداوە خۆیان بگەڕێنەوەو نەچنە ناو کەنەدا، نەک ئەوەی دیپۆرتکرابێتنەوە.

لەلایەکی دیكه‌وه‌، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئێران ڕەخنەی توندی ئاراستەی فیفا کردو بە"لاواز" وەسفیکردو داوایکرد، ئەو دەزگایە ڕێگریی لەدەستوەردانە سیاسییەکانی دۆناڵد ترەمپ بکات لەکاروباری وەرزشیدا، جەختیشیکردەوە، ئێران بۆ بەشداریکردن لەمۆندیالی 2026 پێویستی بەمۆڵەتی واشنتۆن نییە.

یەکێتیی تۆپی پێی ئێران چەند مەرجێکی بۆ بەشداریکردن لەو پاڵەوانێتییەدا داناوە، لەوانە: پاراستنی ئاسایشی تەواوی وه‌فده‌كه‌، ڕێگریی لەلێدوانە سیاسییەکان دژی ئێران‌و بەرزکردنەوەی ئاڵای فەرمی کۆماری ئیسلامی.

 تاج ڕاشیگەیاند، تەنها بەگەرەنتی فیفا بەشداریدەکەن.

ئەوە لەکاتێکدایە کە ئێران لەکۆمەڵەی حەوتەمدا لەگەڵ بەلژیکا، میسرو نیوزلەندا یاریی دەکات، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزییە سیاسییەکان لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیل، بەشدارییەکەی بوه‌تە جێی مشتومڕ.