شارپرێس:
لەژێر چەتری هاوبەشییەکی پتەوو كاریگهرى ئەمریکا، ئیسرائیل گەورەترین پلانی پڕچەککردن لەمێژوی خۆیدا ڕادەگەیەنێت، تەرخانکردنی 350 ملیار شیکڵ (نزیكهى 119 ملیار دۆلار) بۆ کڕینی پێشکەوتوترین فڕۆکە جەنگییەکانی جیهان، پەیامێکی ڕونی تەلئەبیبە بۆ هەڕەشە هەرێمییەکانو گۆڕینی هاوکێشەی هێز لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چاودێرانیش دهڵێن، ئەم گرێبەستە پاڵپشتی لۆجستی لەخۆدەگرێتو لەچوارچێوەی پلانێکی بەرگریدایە بۆ بەهێزکردنی باڵادەستی ئاسمانی بەهاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا.
وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لیژنەی وەزیران بۆ کاروباری پڕچەککردن، کۆتایی ئەم هەفتەیە ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر پلانێک بۆ کڕینی دوو فەوجی نوێ لەفڕۆکەی جەنگی، ئەمەش لەچوارچێوەی بەهێزکردنی تواناکانی هێزی ئاسمانی لەساڵانی داهاتودا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، پلانەکە دابینکردنی چوارەم فەوجی فڕۆکەکانی F-35 "ئەدیر" لەبەرهەمهێنانی کۆمپانیای لۆکهید مارتن، لەگەڵ دوەم فەوجی فڕۆکەکانی F-15IA کە کۆمپانیای بۆینگی ئەمریکی دروستیاندەکات، لەخۆدەگرێت.
لەڕاگەیەندراوەکەدا ڕونکراوەتەوە، قەبارەی گرێبەستەکان بەچهندین ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، هەروەها تێچوی جێگیرکردنی فڕۆکەکان لەهێزی ئاسمانی، پاڵپشتی تەکنیکی، پارچەی یەدەگو سیستمە لۆجستییە هاوپێچەکانیش دەگرێتەوە.
وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم هەنگاوە یەکەم هەنگاوە لەچوارچێوەی پلانی بونیادنانی هێزی سوپای ئیسرائیل بۆ دەیەی داهاتوو، کە بەبودجەیەکی دیاریکراو بەبڕی نزیکەی 350 ملیار شیکڵ نزیکەی 119 ملیار دۆلار پەسەندکراوە، بەئامانجی پاراستنی باڵادەستی سەربازیی، بەتایبەتی باڵادەستی ئاسمانی، لەژێر ڕۆشنایی گۆڕانکارییە هەرێمییەکاندا.
لەلایەکی دیکەوە، ئیسرائیل کاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمدواییە جارێکی دیکە گرنگی هێزی ئاسمانیو ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی لەپاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل نیشاندایەوە.
جەختیشیکردەوە، وانە وەرگیراوەکان هانیاندەدەن بۆ خێراکردنی پرۆسەی پڕچەککردن بۆ مسۆگەرکردنی باڵادەستی لەداهاتودا.
لای خۆیەوە لیوا ئەمیر بەرعام بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بەرگریی جەختیکردەوە، بەرەنگاربونەوەی هەڕەشە گۆڕاوەکان پێویستی بەئامادەکاریی درێژخایەن هەیە.
ئاماژەی بەگرنگی هاوبەشی ستراتیژیی لەگەڵ ئەمریکا کرد لەپاڵپشتیکردنی توانای سەربازییە پێشکەوتوەکان.
