ئێران وەڵامێکی توندی پێشنیازە نۆ خاڵییەکەی ئه‌مریكا ده‌داته‌وه‌

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 7070 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لەزاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، تاران لەڕێگەی نێوەندگیری پاکستانییەوە، وەڵامێکی توندی بۆ پێشنیازە نۆ خاڵییەکەی واشنتۆن ناردوە.

 
ئاژانسەکە باسی لەوەکردوە، وەڵامەکەی ئێران کە لە 14 خاڵ پێکھاتوەو جەختدەکاتەوە لەسەرئەوەى، هەرجۆرە ڕێککەوتنێک دەبێت ببێتە هۆی کۆتاییھێنانی تەواوەتیی بەشەڕ نەک تەنها درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەمریکا داوای ئاگربەستێکی دوو مانگی کردبوو، بەڵام ئێران پێداگريی دەکات کە دەبێت هەموو دۆسێیەکان لەماوەی تەنها 30 ڕۆژدا یەکلایی بکرێنەوە.

خاڵە سەرەکییەکانی پێشنیازەکەی ئێران بریتین لە: کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەدەوروبەری ئێران، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی، ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی ئێران، پێدانی قەرەبوو و هەڵوەشاندنەوەی سزاکان.

هەروەها تاران داوای ڕاگرتنی شەڕ لەهەموو بەرەکان، بەتایبەت لوبنان و دانانی میکانیزمێکی نوێ بۆ گەروی هورمز دەکات و ئێستاش چاوەڕێی وەڵامی فەرمی ئەمریکایە.