وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی کەمبونەوەی هاوکارییەکانی ئەمریکا رونکردنەوە دەدات

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 180 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی پێشمەرگە دەنگۆی راگرتنی هاوکارییە ئەمریکا بۆ ئەو هێزانە رەتدەکاتەوەو دەڵێت، تەنها هاوکارییەکانی شەڕی داعش راگیراون، ئەویش بەهۆی کەمبونەوەی چالاکییەکانی تیرۆریستانی داعش.


وەزارەتی پێشمەرگە لەڕونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد،" چەند ڕۆژێکە دەنگۆی ئەوە بڵاودەکرێتەوە کە گوایا هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ پێشمەرگە ڕاگیراون، ئەم دەنگۆیانە بێ بنەمان و پرۆسەی پاڵپشتییەکان بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنە هاوبەشەی لە نێوان وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا و وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە کە لە پێناو سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە واژۆ کراوە ".

ئەوەشیخستەڕوو، تەنیا هاوکارییەکانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش وەستاون، ئەویش بەهۆی سنورداربوون و کەمبونەوەی چالاکییەکانی تیرۆریستانی داعش.

بەپێی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، هاوکارییە دارایی و لۆجیستییەکانی ئەمەریکا، کە بەپێی خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو، ڕێکخراون، دوا کاتی کۆتاییهاتنی ئەم لێکتێگەیشتنە، مانگی نۆی ساڵی 2026ە. چاوەڕوانیش دەکرێت لە ماوەی ئایندەدا، گفتوگۆکردن بۆ واژۆکردنی لێکتێگەیشتنێکی نوێ لە نێوان هەردوولادا بێتە ئاراوە.