ترەمپ لەبارەی گەروی هورمزەوە بڕیاریدا و لەسبەینێوە جێبەجێ دەکرێت

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4453 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دۆناڵد ترەمپ رایدەگەیەنێت،" کەشتیی زۆرێک لە وڵاتان کە هیچ پەیوەندییان بە شەڕی ئێمەوە نییەو لە گەروی هورمز گیریان خواردوە، لە سبەی دوشەممەوە بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەژێر ڕێنمایی هێزەکانمان سەرجەم کەشتییەکان ئازاد دەکەین و لە هورمز دەیانبەینە دەرەوە ".


دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردوە،" چەندین وڵات لە سەرانسەری جیهان داوای هاوکارییان لە ئەمریکا کردوە بۆ ئازادکردنی کەشتییەکانیان کە لە گەروی هورمزدا گیریان خواردوە.

ئەوەشیخستەڕوو، ئەم کەشتییانە هیچ پەیوەندییەکیان بە ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە نییە و تەنیا "رێبواری بێتاوانن"، بڕیاریشە سبەی دوشەممە پرۆسەی ئازادکردنی ئەو کەشتییانە دەستپێبکات.

سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەشکرد، زۆرێک لەو کەشتییانە خواردن و پێداویستییە تەندروستییەکانیان بەرەو تەواوبون دەچێت، ئەمەش مەترسی بۆ سەر تەندروستی ستافی کەشتییەکان دروست کردوە..


هاوکات، ترەمپ هۆشدارییەکی توندی دایە هەر لایەنێک کە بیەوێت رێگری لەم پرۆسەیە بکات و ئاماژەی دا، "ئەگەر بە هەر شێوەیەک دەستوەردان لەم پرۆسە مرۆییەدا بکرێت، بەداخەوە دەبێت بە شێوەیەکی زۆر بەهێز مامەڵە لەگەڵ ئەو دەستوەردانەدا بکرێت."