ده‌زانن ترەمپ بیر له‌چى ده‌كاته‌وه‌؟

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1143 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەلێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا بۆ کەناڵی فۆکس نیوز، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، بەجدی بیر لەپلانێک دەکاتەوە بۆ لکاندنی ڤەنزوێلا بەویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاوەو کردنی بەویلایەتی 51ی وڵاتەکە.


ترەمپ ئاماژەی بەوەکردوە، "ڤەنزوێلا منیان خۆشدەوێت‌و هۆکاری سەرەکیی ئەم بیرۆکەیەش بۆ یەدەگی گەورەی نەوتی ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە کە بەنزیکەی 40 ترلیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت".

پێشتر ترەمپ ڕایگەیاندبوو، ئەمریکا سەرپەرشتیی ئیدارەدانی ڤەنزوێلا دەکات‌و سەرپەرشتی قۆناغی گواستنەوەکە دەکات، ئەمەش بەهاوکاریی حکومەتی دێلسی ڕۆدریگێز سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا.

هەروەک لەمانگی ئاداری ساڵی ڕابردودا، ترەمپ لەپلاتفۆرمی تروس سۆشیال ئاماژەی بەبیرۆکەی لکاندنی ڤەنزوێلا کردو لەپۆستێکدا نوسیبوی، "لەمدواییانەدا شتە باشەکان بەسەر ڤەنزوێلادا دێن، ویلایەتی 51ى ڕای ئێوە چییە؟".

لەبەرامبەردا ڕۆدریگێز بەتوندی ئەم بیرۆکەیەی ڕەتکردەوەو لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەلاهای ڕۆژی دوشەممە ڕایگەیاند، "ڤەنزوێلا کۆلۆنی کەس نییە، بەڵکو وڵاتێکی ئازادە"، هەروەک  ئاماژەی بەوەشکرد، ڤەنزوێلاییەکان سەربەخۆیی خۆیان خۆشدەوێت. 

چاودێران پێیانوایە، هەرچەندە ئەم هەنگاوە لەڕوی دەستورییەوە زۆر ئاڵۆزەو پێویستی بەڕەزامەندی کۆنگرێس هەیە، بەڵام نیشانەی هەوڵەکانی واشنتۆنە بۆ فراوانکردنی هەژمونی خۆی لەئەمریکای لاتین‌و کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی وزە لەناوچەکەدا.