لەكۆبوونەوەی كەنەكەدا هۆشداری دەدرێتە پارت و لایەنە كوردییەكان

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 470 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

ئەمڕۆ بۆ دووەم ڕۆژ كۆبوونەوەی جڤاتی گشتیی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (كەنەكە) لە شاری فێنلۆی هۆڵەندا بە گفتوگۆكردن لەسەر بابەتی 'كۆنفرانسی نەتەوەیی' بەردەوام بوو.

لە كۆبوونەوەكەدا دوای ڕاگەیاندراوی دیوانی كۆنگرە لەسەر ئامانجی كۆبوونەوەكە، نوێنەران پێشنیارەكانیان بۆ 'ئەنجامدانی كۆنفرانسی نەتەوەیی' خستەڕوو.

زوبێر ئایدار ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكە و ئەندامی كەنەكە  ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ساڵوەگەڕی شەرمەزاكردنی لۆزان، بە مەبەستی پەرەدان بە یەكێتیی نەتەوەیی و ئەو كارانەی پێویستە لە داهاتوودا بكرێن، لە شاری لۆزان چالاكی و پانێڵ ئەنجام دەدرێت.

هەروەها ئایدار وتی، دەبێت هەموو ئەندامان رۆڵیان هەبێت لە ڕەخساندنی فشارێكی سیاسی لەسەر پارت و لایەنە سیاسییەكانی هەر چوار بەشی كوردستان بە هۆشداریدان لەسەر ئەو مەترسیانەی لەسەر داهاتووی كوردستان هەیە،  گرنگی یەكڕیزیی نەتەوەیی لە بەرامبەر ئەو مەرامەی دووژمنان دەیانەوێت بەلۆزانێكی دیكە بەسەر گەلی كورددا بهێنن، پێویستییەكی ناچارییە. 

زوبێر ئایدار هۆشداری دا لەوەی، لە ڕاستییدا هیچ گەرەنتییەك نییە لەوەی كە ئەوەی بەسەر ڕۆژئاوای كوردستاندا هێندرا، لە باشوری كوردستانیش نەخرێتەگەڕ. بۆیە گرنگ نییە سەر بە چ حیزب و لایەنێك بێت، دەبێت فشارێكی بەهێزی یەكگرتووانە بخرێتەسەریان.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەرچەندە پرۆسەی یەكێتی بەرەو پێش بچێت، كاریگەری لەسەر سەرجەم پارت و دامەزراوە كوردییەكان دەكات، لەبەر ئەمە، بۆ بنیاتنانی یەكێتیی نەتەوەیی كە ماوەی دوو ڕۆژە لێرەدا گفتوگۆی لەسەر دەكەین و سەرنجی دەخەینە سەر، دەبێت فشارێكی بەهێز بخەینە سەر پارتە كوردییەكان. هەنگاوێكی لەم شێوەیە دەستكەوتەكانی ڕۆژئاوا هەمیشەیی دەكات و ئەو هەڕەشانەش كە لەسەر باشور هەن لادەبات، هەروەها كاریگەرییەكی ئەرێنیشی لەسەر پرۆسەكەی باكور دەبێت. لە ڕۆژهەڵاتیش پەڕەیەكی نوێ دەكرێتەوە. دەتوانین بە سیاسەتێكی هاوبەش و بە یەكێتی، ئەم هەڕەشانەی سەر گەلەكەمان لەناوببەین.