شارپرێس:
لەیەکەم لێدوانی فەرمیدا پاش شکستە بەژانەکەی لەمۆندیالی 2026 كه چوار گۆڵ بهرامبهر بهگۆڵێك بوو، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، گراهام ئارنۆڵد، پەردەی لەسەر هۆکاری دۆڕانی تیمەکەی لاداو ڕایگەیاند، سەرەڕای ئاستە ناوازەکەی گێمی یەکەم، بەڵام چەند "هەڵەیەکی کوشندە" بونە هۆی تێکدانی پلانەکانو گۆڕینی ئەنجامی یارییەکە.
ئارنۆڵد لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی دوای یارییەکە، ڕوبەڕوی میدیاکان بوەوەو وتی، "یاریزانەکان لەگێمی یەکەمدا بەشێوازێکی نایاب یارییانكرد، بەڵام لەکاتە هەستیارەکاندا هەندێک هەڵەی گەورە ڕویاندا کە باجەکەی زۆر قورسبوو بۆسەر شانی تیمەکە".
ڕاهێنەری شێرەکانی ڕافیدەین، سەرەڕای تاڵاوی شکستەکە، ستایشی هاندەرانی عێراقی کردو ئاماژەی بەوەدا، کەشوهەواکەو پاڵپشتی هاندەران بێوێنەو مێژویی بوو.
ناوبراو پەیامێکی توندیشی ئاڕاستەی یاریزانەکانی کردو جەختیکردەوە، "ئێستا کاتی خەمباری نییەو دەبێت تەواوی فۆکەسیان لەسەر بەدەستهێنانی خاڵەکانی دوو یاریی داهاتوو بێت بۆ ئەوەی خەونی سەرکەوتن بۆ قۆناغی داهاتوو لەبارنەچێت".
ئهوهشى وت، "هۆکاری سەرەکیی شکستەکە پاسێکی پاشەکشەی زۆر لاواز بوە بۆ گۆڵپارێز جەلال حەسەن کە هالاند بەخێرایی قۆستیەوەو گۆڵى پێ تۆماركرد، ئێمە لەگێمی یەکەمدا ئاستێکی بێوێنەمان پێشکەشکردو تەنانەت لەڕێگەی ئهیمهن حسێنەوە گۆڵی یەکسانبونەوەمان تۆمارکرد، بەڵام ئەو پاسە، پاشەکشەو هەڵەیەی هێڵی بەرگریی، وەک خەنجەرێک بوو کە لەدواوە لەتیمەکە درا".
ئهو دهڵێت، "چونکە لەڕوی دەرونییەوە یاریزانەکانی لەوکاتە هەستیارەدا پەکخست، شێرەکانی ڕافیدەین پێویستە دەستبەجێ وانە لەم هەڵە تاکەکەسییە کوشندانە وەربگرن، چونکە لەمۆندیالدا بچوکترین کەمتەرخەمی باجەکەی قورس دەبێت، هێشتا نۆ خاڵ لەبەردەم تیمەکەدا ماوەو بەدەستهێنانی تەنها سێ خاڵ لەدوو یاری داهاتودا بەرامبەر فەرەنساو سەنیگال، دەتوانێت گەیشتنی عێراق بۆ قۆناغی داهاتوو مسۆگەربکات".
