شارپرێس:
دوای تێپەڕبونی زیاتر لەدوو دەیە لەزیندانیکردنی لەعێراق، دۆسیەی عەمار ئەحمەد کەعکورە، هاوڵاتیی سورییو هاوڕێی نزیکی ئەحمەد شەرع (سەرۆکی ئێستای سوریا)، لەڕێگەی لێکتێگەیشتنە دیپلۆماسییەکانی نێوان دیمەشقو بەغداوە داخراو گەڕایەوە زێدی خۆی.
عەمار کەعکورە کێیە؟
ناوی تەواوی عەمار ئەحمەد کەعکورەیەو خەڵکی شاری (عەندان)ی سەر بەگوندەواری باکوری پارێزگای حەلەبە لەسوریا، چیرۆکی دەستگیرکردنی دەگەڕێتەوە بۆ بەهاری ساڵی 2003، کاتێک هاوشێوەی سەدان گەنجی دیکەی سورییو عەرەب، لەسەرەتای داگیرکردنی عێراقدا سنورەکانی بڕییو چوە ناوخاکی عێراق بەمەبەستی شەڕکردن دژی هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانان.
لە چ ڕێکخراوێک کاریکردوە؟
کەعکورە لەسەرەتاکانی شەڕی 2003دا لەچوارچێوەی ئەو گروپە چەکدارە بیانییانەدا کاریدەکرد کە ڕویان لەعێراق کردبوو بۆ ڕوبەڕوبونەوەی سوپای ئەمریکا (کە دواتر زۆربەیان لەژێر چەتری ڕێکخراوی قاعیدە لەعێراق یان گروپە یاخیبووەکانی دیكهدا ڕێکخران).
بەهۆی ئەوەی هەر لەسەرەتاکانی شەڕەکەدا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاو هێزە هاوپەیمانەکانەوە دەستگیرکرا، نەیتوانی لەقۆناغەکانی دواتردا بەشداریی هیچ ڕێکخراوێکی نوێ بکات، دواتر لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە بەتۆمەتی تێوەگلان لەکردەوە چەکدارییەکان سزای زیندانیی هەتاهەتایی (مۆبد) بەسەردا سەپێندراو بۆ ماوەی 22 ساڵ لەنێوان زیندانە جیاوازەکانی عێراقدا گوازرایەوە.
چۆن بوە هاوڕێی نزیکی ئەحمەد شەرع؟
پهیوەندیی نێوان عەمار کەعکورەو ئەحمەد شەرع (کە پێشتر بەئەبو محەمەد جۆلانی دەناسرا) دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی جەنگی عێراقو زیندانەکانی ئەو وڵاتە، هەردوکیان لەهەمان سەردەمدا واته 2003 لەسوریاوە چونە عێراق بۆ شەڕکردن دژی هێزەکانی ئەمریکا.
دوای ئەوەی ئەحمەد شەرعیش لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دەستگیرکراو لەزیندانی (بۆکا)و زیندانەکانی دیكه عێراق ڕاگیرا، کەعکورەو شەرع وەک دوو دەستبەسەرکراوی سوریی هاوڕێو هاوکاری نزیکی یەکتربون، جیاوازییەکە تەنها ئەوەبوو کە شەرع لەساڵی 2011 ئازادکراو گەڕایەوە سوریا، بەڵام کەعکورە تا دوای 22 ساڵ لەزیندانەکانی عێراقدا مایەوە.
چۆن بەبڕیاری عەلی زەیدیی ئازادکرا؟
دوای ئەوەی ئەحمەد شەرع بوە سەرۆکی سوریا، پرسی زیندانییە سورییە کۆنەکانی ناو زیندانەکانی عێراق بوە یەکێک لەتەوەرە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات، لەئەنجامی ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانەو دوای دوایین کۆبونەوەی لوتکەی نێوان ئەحمەد شەرعو عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق، دۆسیەکەی عەمار کەعکورە جوڵێندراو بەبڕیارێکی تایبەتی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئازادکرا.
دوێنێ کەعکورە دوای 22 ساڵ دوری لەنیشتمانهكهى، گەیشتەوە شاری عەندان لەباکوری حەلەبو لەلایەن دانیشتوانی شارەکەوە پێشوازیی لێکرا.
