لەترسی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نەناسراو.. بنکەیەکی ئاسمانیی ئەمریکی لەبەریتانیا کەوتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3191 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا ئێوارەی دوێنێ هەینی لەبنکەی ئاسمانیی لایکینهێس، لەپارێزگای سۆفۆڵکی ڕۆژهەڵاتی ئینگلتەرا، کەوتنە حاڵەتی ئامادەباشیی، دوای ئەوەی گومان لەفڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەئاسمانی بنکەکە دروستبوو و سەربازانی ئەمریکی ناچاربون خۆیان پەنابدەن.


هێزى ئاسمانیی ئەمریکا جەختیكردوه‌ته‌وه‌ لەئەنجامی ڕوداوەکەدا هیچ کەسێک نەپێکراوەو هیچ زیانێکیش بەفڕۆکەکان یان بیناکانی بنکەکە نەگەیشتوە.

وتەبێژی فەرماندەیی ئەمریکا لەئەوروپا ڕایگەیاند، هێزە ئەمریکییەکان بەردەوامن لەهه‌ماهه‌نگى لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەریتانیا، بۆ دڵنیابون لەسەلامەتیی سەربازان‌و کارمەندە مەدەنییەکان‌و خێزانەکانیان.

لەلایەکی دیکەوە، نیک تیمۆپی نوێنەری خەڵکی ڕۆژئاوای سۆفۆڵک وتویەتی، "دوای پەیوەندیکردن بەبەرپرسانی بنکەکە، پێیڕاگەیەنراوە، بارودۆخەکە ئاسایی بوه‌تەوەو هیچ مەترسییەک لەسەر دانیشتوان نییە".

تیمۆپی داوای لەهاوڵاتیان کردوە هەر چالاکییەکی نامۆ هەبوو ڕایبگەیەنن‌و هەروەک داوای لەلایەنە بەریتانی‌و ئەمریکییەکان کردوە زانیاریی زیاتر لەبارەی ڕوداوەکە بڵاوبکەنەوە، بەوڕادەیەی بارودۆخی ئەمنیی ڕێگەی پێبدات.