شارپرێس:
خانەوادەی مام عوسمانو ڕۆژنامەنوسی تیرۆرکراو سەردەشت عوسمان، لەڕاگەیەندراوێکدا بەبۆنەی کۆتاییهاتنی مەراسیمی ناشتنو پرسەی باوکیان کە لە9ی تشرینی دوەمی 2026دا کۆچی دوایی کرد، سوپاسی هاوخەمیی خەڵکی کوردستانیان کردو جەختیانکردەوە، تا ڕۆژی دادگاییکردنی بکوژانی سەردەشت، دۆسیەکە بەزیندویی دەمێنێتەوە.
خانەوادەکە ئاماژەیان بەوەکردوە، باوکیان بڕبڕەپشتی خۆڕاگرییان بوەو تا دواساتەکانی تەمەنی، سازشی لەسەر پەیامەکەی سەردەشت نەکردوە، ئەوان دوپاتیانکردەوە، دوای تیرۆرکردنی سەردەشت، هەوڵدراوە لەڕێگەی هەڕەشەو تۆقاندن یان بەبەخشینی پارەو بەرتیل ویژدانی مام عوسمان بکڕدرێتو بێدەنگ بکرێت، بەڵام ئەو هەموو ئەو هەوڵانەی ڕەتکردوەتەوە.
لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە، مام عوسمان لەماوەی 16 ساڵی ڕابردودا داخو خەمێکی گەورەی هەبوە بەهۆی ئەوەی بکوژانی کوڕەکەی بەئاشکرا دەسوڕێنەوەو نەبراونەتە بەردەم دادگا، ئێستاش ئەو خەمو بەرپرسیارێتییەی بۆ خانەوادەکەیو خەڵکی ئازادیخواز جێهێشتوە.
خانەوادەی مام عوسمان بەڵێنیانداوە، هەڵگری هەمان پەیامو خەمی باوکیانو سەردەشت بنو کۆچی دوایی باوکیان بکەنە دەستپێکێکی نوێ بۆ بەردەوامبون لەداواکاریی سزادانی تاوانبارانو بەرگریکردن لەئازادیی بیروڕاو قەڵەمی ئازاد.
