مەسرور بارزانی داوای خزمەتی زیاتر دەکات‌و بافڵ تاڵەبانی هۆشداریی لەپەراوێزخستنی سلێمانى دەدات

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3695 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەبۆنەی 242مین ساڵیادی بونیادنانی شاری سلێمانی، هەریەک لەمەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم‌و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوو پەیامی جیاوازیان بڵاوکردەوە کە تێیدا تیشکیانخستوەتەسەر پرسی خزمەتگوزاری، ئازادیی‌و پێگەی شارەکە.


مەسرور بارزانی لەپەیامێکی کورتدا پیرۆزبایی ساڵیادی بونیادنانی سلێمانی، «شاری هەڵمەت‌و قوربانی»، لەسەرجەم کوردستانییانی دڵسۆزو نیشتمانپەروەر كردوه‌و جەختیکردوه‌ته‌وه‌، "هاوڵاتییانی سلێمانی شایستەی خزمەتی زیاتر، ئازادیی، پێشکەوتن، سەقامگیریی‌و ئارامین".

لاى خۆیشیه‌وه‌ بافڵ تاڵەبانی پەیامێکی توندترو پڕ لەئاماژەی سیاسیی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاندوه‌، "سلێمانی بەپیلان‌و پەراوێزخستن لاوازنابێت‌و ڕێگەنادەین هیچ نادادییەکی بەرامبەر بکرێت".

سەرۆکی یەکێتی جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، "وەفاداریی بۆ قوربانیدانی ئەمشارە بەدروشم نییە، بەڵکو بەکارکردنی کرداریی، بوژانەوەی ئابوریی‌و گەیاندنی پڕۆژەی خزمەتگوزارییە بەهەموو گەڕەک‌و کۆڵانەکان، بەڵێنده‌ده‌ین، هەمیشە قەڵغانی پاراستنی ئارامی، ئازادیی‌و مافەکانی خەڵکی سلێمانی بین".

ئەم دوو پەیامە لەکاتێکدا بڵاودەکرێنەوە کە ناکۆکییە سیاسیی‌و کارگێڕییەکانی نێوان پارتی‌و یەکێتیی لەسەر پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێ، پەرلەمان‌و دابەشکردنی بودجەو خزمەتگوزارییەکان، گەیشتوەتە ئاستێکی هەستیارو دۆسیەی خزمەتکردن‌و بودجەی سلێمانی بوەتە یەکێک لەچەقە سەرەکییەکانی ململانێی نێوان هەردوو حزب.