شارپرێس:
لەکاتێکدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانو ناوەندەکانی ڕاگەیاندن بەهۆی بڵاوبونەوەی تۆمەتی قورسو مەترسیدار لەسەر سەرپێچیی ئەخلاقیو هەراسانکردنی کچانی خوێندکار لەلایەن مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانییەوە تهنراون، دامەزراوەی "پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان" هاتهدهنگو لەیاداشتێکی فەرمیو بەپەلەدا بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵاو داواکاری گشتیی، هۆشداریدەدات کە ئەم کەیسە تەنها کێشەیەکی کەسی نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی مێژوییە بۆ پاراستنی متمانەی کۆمەڵگە بەناوەندە زانستییەکان.
یاداشتەکە بەڕونی پەنجە دەخاتەسەر برینەکەو دهڵێت، "زانکۆ دەبێت قەڵغانی پاراستنی کچان بێت، نەک شوێنێک کە تێیدا پێگەی ئەکادیمی بۆ مەرامی تایبەت بەکاربهێندرێت".
دامەزراوەی پەی داوادەکات، بەتوندی ڕێگریی بکرێت لەهەر جۆرە فشار، هەڕەشە یان سوکایەتییەک کە وای لەکچانی قوربانی یان شایەتحاڵەکان بکات لەسکاڵاکانیان پاشگەزببنەوە، ههروهك سهبارهت بهمەترسی دورکەوتنەوەی کچانیش لەخوێندن ڕێکخراوەکە هۆشداریدەداتو دهڵێت، "ئەگەر ئەم کەیسە بەشەفافی یەکلایی نەکرێتەوە، خێزانە کوردییەکان متمانەیان بەدامەزراوە زانستییەکان نامێنێتو کچەکانیان لەخوێندن دوردەخەنەوە".
دامهزراوهى پهى داوادهكات، "ڕێگهی یاسایی پاک بێتو هیچ فشارێکی حزبی، کۆمەڵایەتی، یان دامەزراوەیی نەهێڵدرێت کە ئاراستەی لێکۆڵینەوەکە بگۆڕێت".
دامهزراوهكه داوای میکانیزمێکی مۆدێرنو بهپهله دەکات بۆ دەرخستنی ڕاستییەکانو دهڵێت، "سهبارهت بهپشکنینی ژیریی دەستکرد (دیپ فەیک): پێشنیازکراوە تیمێکی تەکنیکی پسپۆڕ پشکنین بۆ دەنگ، نامەو ڤیدیۆکان بکەن، بۆ دڵنیابون لەوەی کە ئایا ڕەسەنن یان بەتەکنۆلۆژیای نوێ دروستکراون، دەستبەسەرداگرتنی زانستیی مۆبایلو هەژمارە دیجیتاڵییەکان بەشێوازێک کە ڕێگه بەونکردن یان دەستکاریکردنی هیچ بەڵگەیەک نەدرێت".
لهبهشێكى دیكهى یاداشتهكهى دامهزراوهى پهى هاوسەنگی دەپارێزێتو جەختدەکاتەوە کە دادپەروەری دوو لایەنەیە؛ ئەگەر تۆمەتەکان بەبەڵگەی حاشاهەڵنەگر سەلمێران، دەبێت خێرا دۆسیەکە بدرێتە دادگاو داواکاری گشتییو توندترین سزای کارگێڕییو یاسایی بەسەر مامۆستاکەدا بسەپێنرێت، لەبەرامبەریشدا، ئەگەر دەرکەوت بەڵگەکان ساختەنو مەبەست لێی ناوزڕاندنی زانکۆ بوە، دەبێت بڵاوکەرەوەکانیان ڕوبەڕووی یاسا بکرێنەوە".
چاودێرانیش جهختدهكهنهوه، زانکۆی سلێمانی ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورسدایە؛ یان دەبێت بەشەفافییەتو ڕاستگۆیی کەرامەتی خوێندکارانیو شکۆی مێژویی خۆی بپارێزێت، یان متمانەی گشتیی بۆ هەمیشە لەدەستدەدات.
